بەھۆی قوباد تاڵەبانییەوە كۆبوونەوەكە دواخرا
ئاراس ئەحمەد پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی مەبەستیان ئەوەبوو بەتایبەتی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی كۆببنەوە، بەو پێەی وەك سەرپەرشتیاری لیژنەی چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە سنووری ئیدارەی سلێمانی راسپێردراوە، بڕیار بوو ئەمڕۆ كۆمەڵێك راسپاردە بدرێتە قوباد تاڵەبانی، بەڵام لەبەر ئەوەی لە سلێمانی نەگەڕاوەتەوە كۆبوونەوەكە دواخرا".
گوتیشی: "بڕیار بوو لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا وەزارەتی دارایی راپۆرتێك لەبارەی بڕی مووچە و سیستمی پاشەكەوتی مووچە بخاتە بەردەم لیژنەكە بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكرێت و دەستكاری بكەن".
بە گوێرەی زانیاری پەیامنێرمان، بڕیاربوو كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی تایبەت بێت بە چەند مەلەفێك، پێشتر حەوت مەلەف لە لیژنەی چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی گەیەنراوەتە ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاربوو لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بخرێنە بەردەم قوباد تاڵەبانی، بۆ ئەوەی لە سنووری سلێمانی كاریان لەسەر بكرێت و دەزگا ئەمنییەكان دەستكراوەتر بكات و فەرمان بە دەزگا ئەمنییەكان بكات ھەر سكاڵایەك لەسەر ھەر كەسێك لە دادگاوە چووە بەردەستیان دەستگیریان بكەن، تا ئێستا ئەو كەسانەی لە گەندەڵی تێوەگلاون لە سلێمانی دەستگیر نەكراون".
K24
