گۆڕان: دەبێت یەکێتی لە نێوان ڕێککەوتنی ستراتیژی و دەباشاندا یەکێکیان هەڵبژێرێت
عەبدولڕەحمان موهەندیس، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و هەڵسووڕاوی بزووتنەوەکە، ڕاگەیاند: “وەک گۆڕان دەمانەوێت ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، هەوڵمان دا لەگەڵ پارتی ڕێککەوین، بەڵام ڕێککەوتنەکە نەچووە سەر، چونکە نەیانهێشت چاکسازی بکەین، ویستیمان لەگەڵ یەکێتی یەک دەنگ و یەک ڕەنگ بین، بۆ ئەوەی تەکانێک بداتە پرۆسەی چاکسازی”.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی گۆڕان، یەکێتی لەبەردەم دووڕیانێکدایە، وەک دەڵێت: “یان دەبێت ڕێککەوتنی دەباشان لەگەڵ گۆڕان جێبەجێ بکات، یانیش ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی هەڵبژێرێت، ناکرێت لە نێوان دوو ڕێککەوتندا بێت".
موهەندیس ئەوەی نەشاردەوە کە “هەندێک لە سەرکردەکانی یەکێتی” ڕێککەوتنیان لەگەڵ پارتی پێ باشترە، بۆیە پێی وایە: “هەندێک لەو سەرکردانەی یەکێتی، هۆکارن بۆ جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ گۆڕان".
پێشتر سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، ڕاگەیاندبوو کە ڕێککەوتننامەی ستراتیژییان لەگەڵ پارتیدا تەواو نەبووە و بەردەوامە، پێویستیشی بە نوێکردنەوە نییە.
باسنیوز
