ورمێ.. بەندکراوێکی سیاسیی کورد بە شێوەی گومانی گیانی لەدەست دا

ورمێ.. بەندکراوێکی سیاسیی کورد بە شێوەی گومانی گیانی لەدەست دا
بەپێی ڕاپۆرتی دوو ماڵپەڕی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ بە شێوەی گوماناوی گیانی لەدەست داوە.



ماڵپەڕی تایبەت بە مافی مرۆڤی (هەنگاو) بە پشتبەستن بە زانیاریی ڕێكخراوی بەرگری لە مافی مرۆی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکانی زیندانی ورمێ بنەماڵەی بەندکراوی سیاسیی کورد "فەهیم کەریمی ڕیک‌ئابادی"یان ئاگادار کردووەتەوە کە لە زینداندا بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە گیانی لەدەست داوە.



بەپێی هەمان سەرچاوە، کەریم ڕیک‌ئابادی، یەکێک لە بەندکراوانی سیاسیی کوردی دەیەی نەوەدی زایینییە و بەهۆی دژایەتیکردن لەگەڵ بیرۆکەی بە "بەسیجکردنی گوندە کوردنشینەکان کەلە دژی حزبە کوردییە دژبەرەکانی ئێران ڕێک خرابوو، بۆ ماوەی 11 ساڵ لە ناوەندی ئەمنیەتی و زیندانەکانی حکوومەت بە شێوەیەکی دڕندانە ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی کراوە.



لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن دامودەزگا حکوومەتییەکانەوە هەموو موڵک و دارایی خۆی و بنەماڵەکەی دەستیان بەسەدا گیراوە و ناوەندە ئەمنییەکان بۆ پەشیمان کردنەوەی ناوبرا لە بەدواداچوونی موڵک و داراییەکانی، چەندین جار هەڕەشەی گیرانی خۆی و کەسوکاری کردووە، بەڵام سەرەنجام هەموو موڵک و ماڵەکەی داگیر کراوە.



بەمدوایانە فەهیم کەریمی لەلایەن یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەکانی ورمێوە دەسگیر کرابوو، سەرەڕای بەدواداچووونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، ناوەندە ئەمنییەکان حاشایان لە دەستگیرکردنی ناوبراو کردبوو، بەڵام چەند ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن دادگای شاری ورمێوە بنەماڵەکەی ئاگادار کراونەتەوە کە باوکیان لە زیندان بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە گیانی لەدەست داوە.



هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش داوە کە ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵە و کەسوکاری کردووە کە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی مەرگ و ڕێوڕسمی پرسە و سەرەخۆشیی بۆ ڕاگەیەنەکان خۆیان ببوێرن.


BAS NEWS-
Top