پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری لە عێراق رادەگیرێت

پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری لە عێراق رادەگیرێت
كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق بڕیاری داوە پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری ڕابگرێت و داتا و زانیارییەكان كۆ بكاتەوە. بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن لە عێراقدا.



مازن عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی لە هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە ساڵی2014وە تۆماری بایۆمەتری لە عێراقدا دەستی پێ كردووە و لە ساڵی 2016وە لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە، و بەپێ ڕاگەیەندراوی سەرەتاییش وا بڕیارە 20ی مانگی داهاتوو پرۆسەی تۆماركردن ڕابگیرێت."



لەبارەی بەشداریی هاووڵاتیانی كوردستان لە تۆماری بایۆمەتری، سەرۆكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم گوتی: "تا ئێستا %30ی دەنگدەرانی كوردستان تۆماركراون و لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمیش تۆمارەكانیان وەك یەكە."



لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا مازن عەبدولقادر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد "پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری بەردەوام دەبێت تا بە یەكجاری ئاگادار دەكرێنەوە و پرۆسەكە ڕادەگیرێت بەهۆی بەرێوەچوونی هەڵبژاردن لە عێراق، بەڵام دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەكان جارێكی دیكە دەست پێ دەكاتەوە."



تۆماری بایۆمەتری تۆمارێكی پشتڕاستكراوەی پەسەند كراوە بۆ هەر دەنگدەرێكی عێراق كە بەشداری لە پرۆسەكانی هەڵبژاردنەكان دەكات، و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق بۆ پاككردنەوەی لیستەكانی دەنگدان لە ناوی دووبارە و مردوان لە ساڵی 2014ەوە دەستی پێ كردووە.

BAS NEWS-
Top