پێنجوێن.. گرێبەستی مامۆستایان نوێ كراوەتەوە و گواستنەوەش ڕاگیراوە

پێنجوێن.. گرێبەستی مامۆستایان نوێ كراوەتەوە و گواستنەوەش ڕاگیراوە


بەرپرسێكی پەروەردە لە قەزای پێنجوێن، ئاشكرای دەكات "ئەمساڵ بە هیچ شێوەیەك كاری گواستنەوەی هەمیشەیی بۆ مامۆستایان نییە و تەنیا بە شێوەی كاتی (تەنسیب) كردن ئەنجام دەدرێت".



سەرپەرشتیاری پەروەردەی پێنجوێن "هاوكات ئاماژە بەوەش دەكات بۆ ئەمساڵی خوێندن، گرێبەستی تەواوی مامۆستایان تازە كراوەتەوە."



مامۆستا "ئەسعەد جافر حەمە"، سەرپەرشتیاری یەكەم لە بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی پێنجوێن، بە(باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بۆ ئەمساڵی خوێندن بە هیچ شێوەیەك گواستنەوەی مامۆستایان بۆ هەمیشە لە پەروەردەكەمانەوە بۆ پەروەردەی شارەكان و قەزاكانی دیكە ئەنجام نادەین، بەڵكوو لەبری ئەوە كاری گواستنەوەكەی مامۆستایان بە شێوەی كاتی (تەنسیب) دەكرێت".



گوتیشی: "هەر مامۆستایەك بەو مەرجەی كە خزمەتی تەواوی خۆی كردبێت و ساڵی زۆری هەبێت، هاوكات خوێندنگەكەی پێویستی پێی نەبێت، كارەكەی بۆ دەكرێت و ئەو كارەش تەنیا تا 25ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت".



ناوبراو، ڕوونیشی كردەوە، "بۆ ئەمساڵ گرێبەستی 160 مامۆستا تازە كراوەتەوە كە ئێستا لەناو خوێندنگەكانی ناو قەزای پێنجوێن و ناوچەكانی دەوروبەری و گوندەكان وانە دەڵێنەوە و دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكانن."



هاوكات بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی پێنجوێن، لەكۆی زیاتر لە1000 مامۆستا بە رێژەی لە80%ی خەڵكی ناوچەكانی دەرەوەی پێنجوێنن و رۆژانە بەشێكی زۆریان هاتوچۆ دەكەن و بەشێكی تریشیان لە خانووی كرێدان لەناو پێنجوێن.

BAS NEWS-
Top