سلێمانی.. دەنگۆی کوژرانی گەنجێک لەلایەن بەرپرسێکی حزبییەوە بڵاو دەبێتەوە

سلێمانی.. دەنگۆی کوژرانی گەنجێک لەلایەن بەرپرسێکی حزبییەوە بڵاو دەبێتەوە
لە گەڕەکی قولەرەیسیی شاری سلێمانی، گەنجێک بە 12 فیشەک دەکوژرێت و دەنگۆی ئەوەش بڵاو دەبێتەوە لەلایەن بەرپرسێکی حزبییەوە کوژراوە.



نەقیب سائیب سەلام، گوتەبێژی یاریدەدەریەتیی پۆلیسی سلێمانی بۆ کاروباری قەزا و ناحیەکان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "سەر لە بەیانیی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو 17/1/2017، لە گەڕەکی قولەرەیسیی شاری سلێمانی، تەرمی گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ دۆزرایەوە کە شوێنی فیشەک بە جەستەیەوە دیار بووە”. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەو گەنجە، پیشەی کرێکاری بووە و ناوی (گ-ی)ە و دانیشتووی شاری سلێمانییە و لەلایەن کەسوکاریەوە سکاڵای یاسایی تۆمار کراوە، ئێستاش پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە”.



نەقیب سائیب سەلام ئەوەشی ئاشکرا کرد کە : "گەنجەکە ناوی (گ.ی)ە و لەدایکبووی ساڵی 1994ە، پیشەی کرێکار بووە".



ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕێک، دەنگۆی ئەوە بڵاو کرایەوە کە گەنجەکە لەلایەن کەسێک بە ناوی (ع.چ) کە بەرپرسیارێتی لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هەیە، کوژراوە.



بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لە بارەی دۆسیەکە، (باسنیوز) سەردانی کەسوکاری گەنجەکەی کرد، بەڵام ئامادەنەبوون لەمبارەیەوە هیچ قسەیەک بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەتیان کردەوە کە بابەتەکە پەیوەندی بە بەرپرسی یەکێتییەوە هەبێت، بەڵکوو دۆسیەکەیان ڕادەستی دادگا کردووە و چاوەڕوانی ئەنجامەکەی دەکەن.
BAS NEWS-
Top