گەرمیان.. ڕووداوی ھاتوچۆ بەھۆی ماتۆڕسکیل زیادی کردووە
ھێمن محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەھید خالید گەرمیانی، لە قەزای کفری بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵەوە ژمارەی بریندارەکان بەھۆی پێکدادانی ماتۆڕسکیلەوە زۆر بووە، ھەر لەم مانگەدا ھەشت بریندار بۆ نەخۆشخانەکەمان ھاتووە، کە بەھۆی پێکدادان، کەوتن و ڕێگاوبانەوە ڕوویان داوە"، گوتیشی: "ئەو بریندارانەی ھێنراون بۆ نەخۆشخانەکەمان تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 40 ساڵیدا بووە".
کارزان مەجید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی گەرمیان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەپێی مادەی 3ی یاسای ھاتوچۆ ھەر کەسێک مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕی نەبێت، ئەوا دەست بەسەر ماتۆڕەکەیدا دەگیرێت، سزاکەشی لە یەک مانگ بۆ شەش مانگ دەبێت".
ئەوەشی خستەڕوو: "لە تەمەنی 16 ساڵی بۆ سەرەوە مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕسکیلی پێ دەدرێت، ئەوانەشی مۆڵەتیان نەبێت و ھێزەکانمان دەستی بەسەردا بگرن، تا ناوی تۆمار نەکرێت، خاوەنەکەی ناتوانێت ماتۆرەکەی وەربگرێتەوە، ئێستاش ھێزەکانمان لە گەرمیان دەستیان بەسەر زیاتر لە 500 ماتۆڕسکیلدا گرتووە".
BAS NEWS-
