فێستیڤاڵی خلیسکانێی سەر بەفر چاوەرێی بەفر بارینە

فێستیڤاڵی خلیسکانێی سەر بەفر چاوەرێی بەفر بارینە
ساڵانە لە وەرزی زستان و بەفربارین، فێستیڤاڵی خلیسکانێی بەفر ئەنجام دەدرێت و گوتەبێژی دەستەی گەشتیاریش ئاماژە بەوە دەکات کە کۆتایی ئەم ھەفتەیە بەفر دەبارێت و دوای ئەوە ڕۆژی فێستیڤاڵ، دیاری دەکرێت.



نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزار، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ھەفتەی داھاتوو، بەرنامەمان ھەیە کە فیستیڤاڵی خلیسکانێی سەر بەفر ئەنجام بدرێت، ئەوەش بەھۆی ئەوەی کە کەشناسی زانیاری پێداوین کە ئەگەری ھەیە لە کۆتایی ھەفتە بەفر ببارێت".



گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەگەر لە کۆتایی ئەم ھەفتەیە بەفر ببارێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە ھەفتەی داھاتوو فیستیڤاڵی سەر بەفر ئەنجام دەدرێت، ڕۆژەکەی دیاری دەکەین".


گوتیشی: "لە چیای کۆڕەک، ئەو فیستیڤاڵە ساز دەکرێت، 25 یاریزانیش ئامادەن و لەو بڕوایەداین کە زۆر قەرەباڵغ دەبێت، بەرنامەکانمان چەندین بەش لەخۆی دەگرێت و یەک ڕۆژە و کۆمەڵێک چالاکی لەخۆ دەگرێت".
BAS NEWS-
Top