71 ساڵ بەسەر دامەزرانی کۆماری کوردستاندا تێدەپەڕێت
پێناسە:
دەوڵەتێکی دانپیانەنراو: کۆماری کوردستان
سرود: ئەی رەقیب.
پایتەخت: مەهاباد.
زمان: کوردی.
ئایین: موسوڵمان .
حوکمڕانی: کۆماری.
سەرۆک: قازی محەمەد.
سەرۆک وەزیر: حاجی بابە شێخ.
سەردەمی مێژوویی: جەنگی سارد.
راگەیاندنی سەربەخۆیی: 22 ی کانوونی یەکەمی 1946.
پاشەکشێی سۆڤێت: حوزەیرانی 1946.
دەستبەسەراگرتنی لەلایەن ئێرانەوە: 15ی کانوونی دووەمی1946.
لەسێدارەدانی سەرکردەکان: 30ی ئازاری 1947.
رووبەر: لە ساڵی 1946دا 37437 کیلۆمەتر بووە.
دراو: ریاڵی ئێرانی.
ئاماژە:
کۆماری کوردستان کە بە یەکەم کۆماری کوردی دەناسرێ و حەوت دەیە پێش ئێستا لە شاری مەهاباد لە کوردستانی رۆژهەڵات دامەزراوە، کۆمار و کیانێکی کوردیی کەم تەمەن بوو کە لە سەدەی بیستدا و لە دوای کۆماری ئارارات- لە تورکیا، دامەزرا.
رێکەوتی 22ی مانگی ژانیڤەری (مانگی 1)ی ساڵی 1946 لەسەر بنەمای کۆمەڵەی "ژێکاف" و بە رێبەریی پێشەوا قازی محەمەد لەلایەن "حیزبی دیموکراتی کوردستان"ەوە کۆماری کوردستان بە فەرمی راگەیەندرا و نوێنەرانی پارچەکانی کورستانیش تێیدا بەشدار بوون و دەور و رۆڵی بارزانییەکان و بە رێبەریی مەلا مستەفا بارزانی لەبیر ناکرێت.
هەرچەند کۆماری کوردستان تەمەنی 11 مانگ بوو، بەڵام لەو ماوە کورتەدا لە بواری جیاجیادا گەلێک دەسکەوتی بەنرخی هەبووە و کاریگەریی لەسەر فۆرمگرتنی شۆڕش و ناسنامەی کورد بەگشتی داناوە و وەک یەکەم کۆماری فەرمی و دیموکراتیکی کورد لە مێژوودا تۆمار کراوە.
دامەزران و لەناوچوونی کۆمار بەشێک بوو لە قەیرانی ئێران، ئەو ململانێیەی لە نێوان ئەمریکا و سۆڤیهتدا ھەبوو کە جەنگی ساردی لێکەوتەوە.
پێشینەی سەرهەڵدان:
لە مانگی ئابی 1941، راپەڕینێکی جەماوەریی کۆنترۆڵی ناوچە کوردییەکانی لەدەستی حکوومەتی ناوەندیی ئێران دهرهێنا. لە شاری مەھاباد، کۆمیتەیەک لە کەسانی چینی مامناوەند بە پشتگیریی سەرۆک خێڵەکان دەسەڵاتی ناوچەكەیان گرتە دەست. پارتێکی سیاسی بەناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژێ کاف) دامەزرێنرا. قازی محەمەد، سەرۆکی بنەماڵەی قازی، بە سکرتێریی پارتەکە ھەڵبژێردرا. کۆمیتەکە بە سەرکردایەتیی قازی محەمەد ناوچەکەیان بە لێھاتوویی و سەرکەوتنێکی بەرچاوەوە بۆ ماوەی 5 ساڵ تا رووخانی کۆمار بەڕێوە برد.
دامەزرانی کۆمار:
لە ئەیلوولی 1945، قازی محەمەد و سەرکردە کوردەکانی تر سەردانی تەورێزیان کرد و چاویان بە کونسوڵی سۆڤیهت کەوت و لەبارەی پشتگیریکردنی کۆمارێکی نوێ گفتوگۆیان کرد، لەوێشەوە رەوانەی باکۆ ئازەربایجانی سۆڤیهت کران. لەوێ ئاگادار بوونەوە لەوەی پارتی دیموکراتی ئازەربایجان لە ھەوڵی ئەوە دایە کە دەست بەسەر ئازەربایجانی ئێراندا بگرێت. لە 10ی کانوونی یەکەمدا، پارتی دیموکراتی ئازەربایجان دەستی بەسەر پارێزگای ئازەربایجانی رۆژههڵات (تەورێز)دا گرت کە پێشتر بەدەست سوپای ئێرانەوە بوو. قازی محەمەد بڕیاری دا ھاوچەشنی ئەو کارە دووبارە بکاتەوە، بۆیە دوای چەند مانگ لە داەزرانی "حیزبی دیموکراتی کوردستان" کە لەسەر بنەمای "کۆمەڵەی ژێکاف" لە 22ی کانوونی دووەمی 1946، قازی محەمەد بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی بەرین لە خەڵکی ناوچەکە و نوێنەرانی کوردی پارچەکانی دیکە دامەزراندنی کۆماری کوردستانی راگەیاند.
ئامانجەکانی کۆماری کوردستان:
1- ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکانی ئێران لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراندا.
2- زمانی کوردی بکرێتە زمانی راگەیاندن و خوێندن و ئیدارە.
3 - ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزەری بۆ کوردستان بەمەبەستی چاودێری دەوڵەت و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان.
4- ھەموو بەرپرسەکان لە خەڵکی ناوچەکە ھەڵبژێردرێن.
5- یەکێتیی و برایەتی لەگەڵ خەڵکی ئازەربایجان.
6- یاسایەک ھەبێت کە بە یەک چەشن مامەڵەی کرێکار و کەسایەتییە باڵاکا بکات.
کابینەی وەزیرانی کۆمار:
سەرۆک وەزیران: حاجی بابە شێخ
وەزیری جەنگ: سەیفی قازی
وەزیری کیشوەر: محەمەد ئەمین موعینی
وەزیری ئابووری: ئەحمەد ئیلاهی وەزیری
پۆست و تەلەگراف: کەریم ئەحمەدیان
وەزیری فەرهەنگ: مەناف کەریمی
وەزیری (تەبلیغات): سەدیق حەیدەری
وەزیری کار: خەلیل خوسرەوی
وەزیری بازرگانی (تیجارەت): حاجی مەستەفا داوودی
وەزیری وەرزێڕی (کشتوکاڵ): مەحموود وەلی زادە
وەزیری ڕێگەوبان: ئیسماعیل ئیلخانی زادە
وەزیری تەندروستی (بیهداری): سەیید محەمەد ئەیووبیان
وەزیری (موشاویر): عەبدولڕەحمان ئیلخانی زادە
وەزیری داد: مەلا حوسێن مەجدی
دەسکەوتەکان:
- کۆماری کوردستان وەك بزاوت و راسانێکی نەتەوەیی، لەلایەن لێکۆڵەر و مێژوونووسانی کوردەوە وەک دەسپێكی شۆڕشی نوێی کورد دێتە ئەژمار کەسێتییەکی نوێ و سەردەمیانە بە تاکی کورد لەباری شوناسخوازی و زەینییەتی رابوونی نەتەوەیی (وشیاریی نەتەوەیی) دەبەخشێ و لە ئەنجامدا باوەڕ بەخۆبوون و خودئاگایی لەناو کۆمەڵگەی کوردستان و تاکی هوشیاری کورددا دەگاتە چڵەپۆپەی خۆی و کوردایەتی و شوناسخوازی رێچکەی رەسەن و سەربەخۆی خۆی دەگرێتەبەر.
- هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا شانازییەکە بۆ کۆمەڵگای کوردستان و نیشانەیەکی روونیشە بۆ شوناسخوازی و رەسەنایەتیی رۆڵە بەئەمەگەکانی ئەو گەلە و هەر بەم پێیە ئەوان دەتوانن لەژێر ئەو هێماو سیمبۆلە نەتەوەییەدا داکۆکی لە شوناس و چییەتیی خۆیان بکەن و مان و مەوجوودیەتی نەتەوەیی خۆیان بپارێزن.
- پێکهێنانی سوپای میللی و ناوی پێشمەرگە بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورددا، باوەڕ بە «خۆپاراستن»ی لە تاکی کورددا چێ کرد، کە تا ئێستاش لەوپەڕی بێئیمکاناتیدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە بە شێوەی خۆڕسک لەلایەن کۆمەڵگای کوردستانەوە وزە و هێزی پێدەبەخشرێ، پێناسەی «بەرەنگاری»ی بە رەسالەتی خۆی بەخشیوە.
- وەڕێخستنی چاپخانەو و بڵاوکردنەوەی کتێب و پەرتووک و رۆژنامە و پەوەردە و قوتابخانە بە زمانی کوردی دەسکەوتێکی دیکەی کۆماری کوردستانە کە بۆ یەکەم جار ئەو پەیامەی بە تاکی کورد و کۆمەڵگەکەی دا کە زمان یەکێک لە بنچینەکانی پرسی نەتەوەخوازی و لە فاکتەرە گرنگەکانی نەتەوە و ناسیۆنالیزمی کوردییە، کە ئەم دەسکەوتە بە گرنگترین دەسکەوتی کۆمار و دەسپێکی بووژانەوەی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی لە بواری فەرهەنگیدا دێتە ئەژمار.
رۆڵی بارزانییەکان لە کۆماری کوردستاندا:
مەلامستەفا بارزانی، لەگەڵ سەربازەکانیدا کەلە کوردستانی باشوورەوە چووبوونە هانا و یارمەتیی کۆماری کوردستانەوە، رۆڵێکی گرنگ و بەرچاوە و بۆ خۆشی لەلایەن کۆمارەوە وەک ژنەراڵی سوپای میللی کۆمار دەستنیشان کرا و ئەوانیش بهشێکی سوپای کۆماریان پێکھێنا. پاش شۆڕشەکانی بارزان کەلە ساڵانی 1930 بۆ 1945 بوون و شێخ عەبدولسەلام بارزانی دەوری رێبەریی تێدا بینیوە، لە کۆتاییەکانیدا مەلا مستەفا کە وەک کەسایەتییەکی کاریزما و شۆڕشگێڕ پێگەیشتبوو، سەرکردایەتیی گرتە دەست و هاوکات لەگەڵ دەسپێکی کۆماردا رووی کردە موکریان و لە مەهاباد گیرسانەوە و بەهۆی ئەزموونی شەڕی پارتیزانی یارمەتیی زۆری کۆمار و سوپای میللیی کوردستانیان کرد و لە چەند ناوچەیەکی کۆمار ئەرکی پەروەردە و بارینانی هێزی پێشمەرگەی کۆماری کوردستانیان گرتە ئەستۆ و بەشدارییان لە کۆماری کوردستان وەک لاپەڕەیەکی پرشنگدار و هاوپەیوەندیی نەتەوەیی لەناو کورد دێتە ئەژمار.
ھۆکارەکانی سەرنەکەوتنی کۆمار:
ئارچیبالد بولۆچ رۆزڤڵت، کوڕەزای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، تیۆدۆر رۆزڤڵت، لە کتێبەکەیدا "کۆماری کوردیی مھاباد" دەڵێت کێشەی سەرەکیی کۆماری کوردستان ئەوە بوو کە کوردەکان پێویستیان بە سۆڤێت بوو، تەنھا شانسیان، ھێزی سوپای سوور بو، بەڵام ئەم پەیوەندییە نزیکەیان لەگەڵ ستالین و سۆڤیهت وای کرد زوربەی ھێزە رۆژاواییەکان پشتی ئێران بگرن. قازی محەمەد، ھەرچەندە نكۆڵیی لەو راستییە نەئەکرد کە لەڕووی داراییەوە پشتیان بە سۆڤیهت بەستووە، ئەوەی رەت ئەکردەوە کە حیزبی دیموکراتی کوردستان پارتێکی کۆمۆنیست بێت، رایگەیاند ئەوە درۆیەکە کە دەسەڵاتدارانی سوپای ئێران دروستیان کردووە، جگە لەوەی ئامانجەکانی خۆی بە زۆر جیاواز لەوانەی سۆڤیهت لەقەڵەم دا، ھەروەھا، کۆمارەکە بەدەست چەند کێشەیەکی ناوخۆییەوە ئەیناڵاند.
جیاوازییەکی گەورە لە نێوان خەڵکی شارو خێڵەکییەکاندا ھەبوو و ھاوپەیمانێتییەکەیان بۆ مەھاباد لە داڕماندا بوو. وەک چۆن پێشتریش رایگەیاندبوو، خێڵەکان و سەرۆکەکانیان تەنیا لەبەر ئەو ھاوکارییە دارایی و سەربازییانە پشتی قازی محەمەدیان ئەگرت کە لە یەکێتی سۆڤیهتەوە وەریدەگرت. لەڕووی داراییەوە مەھاباد و کۆماری کوردستان نشوستی ھێنا و ئەوە وەک مەحاڵ وابوو کە مەھاباد لەڕووی داراییەوە ھاوتا بێتەوە لەگەڵ ئێران.
رووخانی کۆمار:
دوای 11 مانگ تەمەنی پڕ دەسکەوتی کۆماری کوردستان لە 26ی ئازاری 1947، بەھۆی گوشاری ھێزە رۆژئاواییەکان، بۆ نموونە ئەمریکا، سۆڤیهت پەیمانی بە حکوومەتی ئێرانی دا کە لە باکووری ئێران ئەکشێتەوە. لە مانگی حوزەیراندا، ئێران دەستی گرتەوە بەسەر ئازەربایجاندا. ئەمە بووە ھۆی دابڕانی کۆماری کوردستان لە سۆڤیهت و دواجار بووە ھۆی داڕمانی. لەم خاڵەدا، پشتگیرییەکان بۆ قازی محەمەد لە کەمبوونەوەدا بوون، بەتایبەتی لە نێوان خێڵە کوردەکاندا کە لە سەرەتادا پشتگیرییان لێدەکرد. بەرھەم و سەرچاوەی داراییان نەما و شێوازی ژیانیان بەھۆی دابڕانەکەوە بەرەو سەختی چوو. یارمەتیی دارایی و سەربازی لە سۆڤیەتەوە نەماو خێڵەکان هیچ ھۆکارێکیان بۆ پشتگیریکردنی قازی محەمەد نەئەبینییەوە. زۆرێک لە خێڵەکان قازییان بەجێ دەھێشت.
ئەرتەشی ئێران کە قورسترین ئامێری شەریان چەن تانکی کۆن و قۆڕازە بوو، ڕۆژی 20ی سەرماوەزی ساڵی 1325ی ھەتاوی (1946ی زایینی) گەیشتە دەرەوەی شاری تەورێز و ڕۆژی 21 بە ھەڵاتنی سەرۆکۆماری ئازەربایجان بۆ سۆڤیەت کۆماری ئازەربایجان ڕووخا و ئەرتەش شاری تەورێزی داگیر کرد. دوای ئەوە ئەرتەش لەوێوە بەرەو مەھاباد وەڕێکەوت. لەو ناوچانەی دیکە لە باشوسری مەھاباددا کە خۆیان بە بەشی کۆمار دەزانی و دەسەڵاتی تارانیان بە حکوومەتی ناوەندی نادەزانی، واتە لە شارەکانی سنە، دیواندەرە، مەریوان ھەتا نزیکی سەقز، لە چەند مانگ پێش ئەوە، ھێزیان ئامادە کردبوو؛ بەڵام دوای تەورێز ئەرتەش ھێزی نوێی لە ڕێگای قەزوێن بۆ سەقز نارد کە لە 20ی سەرماوەز گەیشتنە سەقز و لە ڕێگەی بۆکان بە یارمەتی ھێندێ لە کوردەکانی سەربە حکوومەتی شا، ڕێگەی مەھابادیان گرتەبەر.
سوپای ئێران بەوپەڕی درندەییەوە هێرشی کردە سەر شار. لە 5 ی کانوونی یەکەم، ئەنجومەنی شەڕ بە قازی محەمەدیان راگەیاند کە رێ لە ھەر پەلامارێکی سوپای ئێران دەگرن کە بکرێتە سەر ناوچەکە. لە 15ی کانوونی یەکەم، سوپای ئێران ھاتە ناوچەکە و دەستی بەسەر مەھاباددا گرت. لەگەڵ ھاتنیان، چاپخانەی کوردییان داخست، فێرکردنیان بە زمانی کوردی قەدەغە کرد، ھەر کتێبێکی کوردییان بدۆزیایەتەوە ئەیانسووتاند. قازی وەک سەرکۆمار دەستوور دەدات ھەتا دەکرێ لە شەڕ خۆ بپارێزن، چون ماڵوێرانی پێوەیە. ئەگەرچی لەپێناو وڵات ھەموان تێدەکۆشن، بەڵام بە ھۆی جووڵانەوەی سەرنجڕاکێشی ھێزەکانی سۆڤیەت، زۆر بە خێرایی، لە ماوەی چەند ڕۆژدا کوردستانی رۆژهەڵات داگیر دەکرێ. پاش ئاگادار بوون لە داھاتووی کۆمار مەلا مستەفا بارزانی ھەوڵی دا کە قازی لەگەڵ خۆی بباتە یەکێتیی سۆڤیەت بۆ پاراستنی گیانی، بەڵام قازی بەوە ڕازی نەبوو، پێی وا بوو دەبێ لەسەر بەڵێنیی خۆی بمێنێتەوە.
قازی دەزانێ کە بە زوویی کۆمار دەڕووخێت؛ لە نێوان شەڕ یان خۆبەدەستەوە دان، وەک بەرپرسیارێکی گیانی خەڵک، بۆ بەرگری لە کوشتن و وێرانکردن، وەک قارەمانێکی نەتەوەیی خۆ بەدەستەوە دەدات. ھەڵبەت سەبارەت بەوە، ڕەخنە دەگرن کە ئایا ئەگەر قازی لەگەڵ مەلا مستەفا بڕۆیشتایە، دواتر نەیدەتوانی قازانجی زیاتر بێت بۆ گەلەکەی؟ بەڵام لە کاتی ماڵئاوایی لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی ئاڵای کوردستان دەسپێرێ بە مەلا مستەفا و وەک جوابی ئەو پرسیارە دەڵێ: "من خۆم فیدای خەڵکی دەکەم و ھیچکات وەک پیشەوەری و سەرانی ئازەربایجان ناکەم تا وڵاتەکەم لە خوێندا شەڵاڵ بێت و ھەزاران کەس بە کوشت بچن."
دواجار پاش دادگایەکی نادادپەروەرانەی سەربازی و بێ پارێزەر لەلایەن ئەفسەرانی سوپای ئێرانەوە لە بەرەبەیانی 30ی ئازاری 1947 ، قازی محەمەد و سەدر و سەیفی قازی بە تۆمەتی خیانەت لە دەوڵەتی ئێران هەر لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد ئەو شوێنەی کە کۆماری تێدا راگەیەندرا، لە سێدارە دران.
کاریگەریی و شوێندانەریی کۆماری کوردستان لەسەر کورد و ناوچەکە و ئاڵوگٶڕە سیاسییەکان، سەرنجی نووسەر، توێژەر و لێکۆڵەرانی کورد و بیانی رۆژهەڵاتناسانی بۆ لای خۆی راکێشاوە و لەم بارەوە زیاتر لە دە کتێب و نامیلکە بە کوردی، فارسی و زمانە بیانییەکان نووسراون.
هەرچەند کۆماری کوردستان لە روانگەی دوژمنانی کوردەوە کۆتایی پێهات، بەڵام بیر و ئامانج و رێبازی کۆماری لەبن نەهاتن و ئێستاش پاش حەوت دەیە خەبات و قوربانیدان و هەوراز و نشێو "حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران" وەک دامەزرێنەری کۆماری کوردستان هەر بەردەوامە لە خەبات و کەسێتیی "پێشەوا قازی محەمەد"یش لە رێبەرێکی حیزبی و ناوچەییش تێپەڕیوە و بووەتە کەسێتی و رێبەرێکی نەتەوەیی و هەموو ساڵێک بە رێزەوە یادی لەدایکبوون و لەسێدارەدانی لە رۆژهەڵات و باشووری نیشتمان دەکرێتەوە.
سەرچاوەکان:
کتێبی "کۆماری سەربەخۆ (مستقل)ی کوردستان لە نووسینی: سۆران کەرباسیان سەرۆک کۆماری کوردستان: لە نووسینی: سۆران کەرباسیان روانگە- ماڵپەری وێنە مێژوویەکانی کۆماری کوردستان ماڵپەڕی:
BAS NEWS-
