گەرمیان.. ڕووداوی ھاتوچۆ بەھۆی ماتۆڕسکیل زیادی کردووە

 گەرمیان.. ڕووداوی ھاتوچۆ بەھۆی ماتۆڕسکیل زیادی کردووە
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەھید خالید گەرمیان ئاماژە بەوە دەکات، لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵەوە ھەشت حاڵەتی برینداربوون بەھۆی ڕووداوی ھاتوچۆوە تۆمار کراوە.

ھێمن محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەھید خالید گەرمیانی، لە قەزای کفری ڕایگەیاند: "لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵەوە ژمارەی بریندارەکان بەھۆی پێکدادانی ماتۆڕسکیلەوە زۆر بووە، ھەر لەم مانگەدا ھەشت بریندار بۆ نەخۆشخانەکەمان ھاتووە، کە بەھۆی پێکدادان، کەوتن و ڕێگاوبانەوە ڕوویان داوە"، گوتیشی: "ئەو بریندارانەی ھێنراون بۆ نەخۆشخانەکەمان تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 40 ساڵیدا بووە".

کارزان مەجید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی گەرمیان ڕایگەیاند: "بەپێی مادەی 3ی یاسای ھاتوچۆ ھەر کەسێک مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕی نەبێت، ئەوا دەست بەسەر ماتۆڕەکەیدا دەگیرێت، سزاکەشی لە یەک مانگ بۆ شەش مانگ دەبێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "لە تەمەنی 16 ساڵی بۆ سەرەوە مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕسکیلی پێ دەدرێت، ئەوانەشی مۆڵەتیان نەبێت و ھێزەکانمان دەستی بەسەردا بگرن، تا ناوی تۆمار نەکرێت، خاوەنەکەی ناتوانێت ماتۆرەکەی وەربگرێتەوە، ئێستاش ھێزەکانمان لە گەرمیان دەستیان بەسەر زیاتر لە 500 ماتۆڕسکیلدا گرتووە".















باسنیوز
Top