سەرمایەدارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات سامانەکانیان وەبەردەهێنن

 سەرمایەدارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات سامانەکانیان وەبەردەهێنن
مامۆستایەکی زانکۆ ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە ناوەڕاستی ساڵی 2014ەوە لە کوردستان هەیە، ژمارەیەکی زۆر لە سەرمایەدارانی کوردستان، سەرمایەکانیان لە دەرەوەی وڵات وەبەر دەهێنن.

کاروان سەباح ھەورامی، مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین، ڕایگەیاند: "ھەرێمی کوردستان بووەتە ژینگەیەک بۆ دەرکردنی سەرمایە، ماوەی ساڵێک دەبێت، بەشێکی زۆری سەرمایەداران و وەبەرھێنەرانی کوردستان، سەرمایەکانیان دەبەنە دەرەوە و لە دەرەوە بەگەڕی دەخەن، بە تایبەتیش لە تورکیا، چونکە وڵاتی تورکیا ئاسانکارییەکی زۆری بۆ وەبەرھێنەران کردووە، دەیەوێت ئەمساڵ ئاستی وەبەرھێنانی بۆ 1 ملیار دۆلار زیاد بکات، ھەروەھا ھەر کەسێک بەبڕی یەک ملیۆن دۆلار خانویەک بکڕێت، ئەوا ڕەگەزنامەی تورکی پێدەدرێت“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ھەر وەبەرھێنەرێک بە سامانەکەیەوە بچێتە دەرەوە، لە بەرامبەردا ھیچ پارەیەک نەیەتە جێگاکەی، ئەوەش ڕاستەخۆ ”کاریگەریی نەرێنی“ لەسەر ئابووریی کوردستان دروست دەکات، بۆیە بەپێویستی دەزانم لایەنی پەیوەندیدار ئاسانکاریی جددی و ھاندان بکات، تا سەرمایەی ناوخۆیی نەچێتە دەرەوە، ئێمە پێشتر داوامان دەکرد سەرمایەی دەرەکی بێتە ھەرێمی کوردستان".

ئەو مامۆستایەی زانکۆی سەڵاحەدین ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئێستا دراوی قورس لە ھەرێمی کوردستانەوە دەچێتە دەرەوەی وڵات، لە بەرامبەردا ھیچ بڕە پارەیەک ناگەڕێتەوە. لەمبارەیەشەوە گوتی: ”ئەو پارانەی دەچنە دەرەوە، پێویست بوو لێرە پڕۆژەی وەبەرھێنانیان پێ بکرێت کە ئەوەش نەکرێت، ڕێژەی بێکاری زیاد دەبێت، پاشان کێشە کۆمەڵایەتییەکان ڕوو لە ھەڵکشان دەکەن“.

لەلایەن خۆشیەوە سامان عەرەب، بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرھێنانی پارێزگای ھەولێر، ڕایگەیاند: "ھاتنی تیرۆرستانی داعش وای کرد کە بەشێک لە وەبەرھێنەرەکان نەتوانن پڕۆژەکانیان تەواو بکەن و بچنە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، ئەوەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەنجامدانی وەبەرھێنان کرد، چونکە ھەموو وەبەرھێنەرێک دەیەوێت لە شوێنێکی ئارام وەبەرھێنان بکات و سەرمایەکەی بخاتە گەڕ".

تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی ھەولێردا، لە سەرەتای هێرشەکەی داعشەوە تا ئێستا، زیاتر لە 148 پڕۆژەی وەبەرھێنان مۆڵەتیان وەرگرتووە کە سەرمایەکانیان نزیکەی 9 ملیار دۆلار بووە.

بەپێی یاسای وەبەرھێنانی ژمارە 4ی ساڵی 2006ی پەرلەمانی کوردستان، ھەر وەبەرھێنەرێک پڕۆژەکەی کەموکوڕی ھەبێت، ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە و مۆڵەتی وەبەرھێنانیان لێ وەردەگیرێتەوە دەدرێنە دادگا.

ئابووریناسان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامرازی تایبەت بۆ ڕێگەگرتن لە چوونە دەرەوەی سەرمایە بگرێتە بەر، بە مەبەستی کەم کردنەوەی ئەو کەلێنەی کە لە تەرازووی پارەدان لە کوردستاندا دروست دەبێت.














باسنیوز
Top