پێنجوێن.. گرێبەستی مامۆستایان نوێ كراوەتەوە و گواستنەوەش ڕاگیراوە
سەرپەرشتیاری پەروەردەی پێنجوێن "هاوكات ئاماژە بەوەش دەكات بۆ ئەمساڵی خوێندن، گرێبەستی تەواوی مامۆستایان تازە كراوەتەوە."
مامۆستا "ئەسعەد جافر حەمە"، سەرپەرشتیاری یەكەم لە بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی پێنجوێن، ڕایگەیاند: "بۆ ئەمساڵی خوێندن بە هیچ شێوەیەك گواستنەوەی مامۆستایان بۆ هەمیشە لە پەروەردەكەمانەوە بۆ پەروەردەی شارەكان و قەزاكانی دیكە ئەنجام نادەین، بەڵكوو لەبری ئەوە كاری گواستنەوەكەی مامۆستایان بە شێوەی كاتی (تەنسیب) دەكرێت".
گوتیشی: "هەر مامۆستایەك بەو مەرجەی كە خزمەتی تەواوی خۆی كردبێت و ساڵی زۆری هەبێت، هاوكات خوێندنگەكەی پێویستی پێی نەبێت، كارەكەی بۆ دەكرێت و ئەو كارەش تەنیا تا 25ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت".
ناوبراو، ڕوونیشی كردەوە، "بۆ ئەمساڵ گرێبەستی 160 مامۆستا تازە كراوەتەوە كە ئێستا لەناو خوێندنگەكانی ناو قەزای پێنجوێن و ناوچەكانی دەوروبەری و گوندەكان وانە دەڵێنەوە و دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكانن."
هاوكات بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی پێنجوێن، لەكۆی زیاتر لە1000 مامۆستا بە رێژەی لە80%ی خەڵكی ناوچەكانی دەرەوەی پێنجوێنن و رۆژانە بەشێكی زۆریان هاتوچۆ دەكەن و بەشێكی تریشیان لە خانووی كرێدان لەناو پێنجوێن.
باسنیوز
