بەوێنە.. پەیەدە رێگریی لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی پێشمەرگەیەکی شەهید دەکات
محەمەد ئەمین ئەحمەد سلۆ (تەمەن 23 ساڵ)، پێشمەرگەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی رۆژئاوا بوو، لە ئەنجامی سەختیی برینەکەیەوە، کە لە شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە پارێزگای نەینەوا بریندار بوو، رۆژی چوارشەممە 18/1/2017 شەهید بوو.
کەسوکاری شەهید بە مەبەستی بەخاکسپاردنی تەرمی شەهید محەمەد ئەمین ئەحمەد سلۆ لە گوندی گرێ پرێی زێدی خۆی لە شارۆچکەی (چل ئاغا) لە پارێزگای حەسەکە لە کوردستانی رۆژئاوا، لە دەروازەی سێماڵکاوە گەیاندیانەوە کوردستانی رۆژئاوا.
دوای دەربازبوونی تەرمی شەهید محەمەد ئەمین بۆ کوردستانی رۆژئاوا، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە پەیەدە هەموو ئەو ریگایانەیان گرتووە، کە بەرەو دەروازەی سێمالکا دەچن، بە مەبەستی رێگرتن لە هاووڵاتییانی کوردستانی رۆژئاوا، کە دەیانویست لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەو شەهیدە ئامادە بن.
هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژئاوا، لە گەنجانی کوردستانی رۆژئاوا پێکهاتووە، کە بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سووریا و تاکڕەویی پەیەدەوە ئاوارەی کوردستانی باشوور بوون و هێزێکی پێشمەرگەیان دروست کرد.
ئەو هێزە، کە ژمارەی پێشمەرگەکانی بریتییە لە 3300 پێشمەرگەی کچ و کوڕ، لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە مەشقی سەربازیی پێکراوە و لە سەرەتای هێرشی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە بەشێوەیەکی لەخۆبوردووانە بەرگریی لە کوردستانی باشوور دەکات و چەندین شەهیدیشی پێشکەشی خاکی کوردستان کردووە.
باسنيوز
