مەسرور بارزانی: پێشمەرگەی رۆژئاوا تاکە هێزی کاریگەر و فرەلایەنی رۆژئاوایە
لە راپۆرتێکدا رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، کە ئیدارەی باراک ئۆباما رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بووەتەوە، لە نێوان هاوکاریکردنی راستەوخۆی سەربازیی کوردانی کوردانی رۆژئاوا یاخود هێشتنەوەی بڕیارەکە بۆ ئیداری نوێی ئەمریکا، کە دۆناڵد ترەمپ، لە رۆژی 20/1/2017ـەوە سەرۆکایەتیی دەکات.
مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان داوای لە بەرپرسانی ئەمریکا کردووە، هەماهەنگیی لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی کوردستانی رۆژئاوا بکەن و گرنگییان پێ بدەن، چونکە ”تاکە ھێزی کاریگەر و فرەلایەنیی“ کوردستانی رۆژئاوایە.
رۆژنامەکە هەروەها بڵاوی کردووەتەوە، کە لەمیانی سەردانەکەی مانگی رابردووی مەسرور بارزانی بۆ واشنتۆن، داوای لە ئیدارەی ئۆباما کردووە لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی کوردستانی رۆژئاوا کار بکات، چونکە ”ئەو ھێزە دەتوانێت ببێتە پردێک بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان و ببێتە فاکتەرێکیش بۆ دامرکاندنەوەی گرژییە سیاسییەکانی ناوچەکە“.
هەروەک لە راپۆرتی رۆژنامەکەدا هاتووە، کارکردنی ئەمریکا لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) ”ئەمریکا دەخاتە ھەڵوێستێکی خراپەوە“، چونکە یەپەگە ھەمیشە لەلایەن تورکیاوە بە گروپێکی تیرۆرستی ناو دەبرێت و تۆمەتباری دەکات بەوەی باڵی پەکەکەیە لە کوردستانی رۆژئاوا.
هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژئاوا، لە گەنجانی کوردستانی رۆژئاوا پێکهاتووە، کە بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سووریا و تاکڕەویی پەیەدەوە ئاوارەی کوردستانی باشوور بوون و هێزێکی پێشمەرگەیان دروست کرد.
ئەو هێزە، کە ژمارەی پێشمەرگەکانی بریتییە لە 3300 پێشمەرگەی کچ و کوڕ، لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە مەشقی سەربازیی پێکراوە و لە سەرەتای هێرشی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە بەشێوەیەکی لەخۆبوردووانە بەرگریی لە کوردستانی باشوور دەکات و چەندین شەهیدیشی پێشکەشی خاکی کوردستان کردووە.
