وەزیری پەروەردە: سوپاس بۆ وڵاتی کۆریا کە لە خەمی پێشکەوتنی پەروەردەیە لە هەرێمی کوردستان

وەزیری پەروەردە: سوپاس بۆ وڵاتی کۆریا کە لە خەمی پێشکەوتنی پەروەردەیە لە هەرێمی کوردستان
وەزیری پەروەردە: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە خەمی کەرتی پەروەردە و پێشخستنی ئەم کەرتە دەبێت و بە دڵنیاییشەوە قەرەبووی ماوەی لەدەستچووی خوێندن بۆ قوتابیانی خۆشەویست دەکەینەوە.
ئەمڕۆ (۲٠۱۷/۱/۱۸)ی زایینی لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر و بە ئامادەبوونی (د.پشتیوان سادق) وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قونسوڵی وڵاتی کۆریای باشوور (موون جی هوون) و (تاهیر عەبدوڵا) جێگری پارێزگاری هەولێر و (چۆ گوانگ) بەڕێوەبەری ڕێکخراوی کویکا لە ئێراق و (هان) بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە لە کوردستان و (بەشدار عەبدولخالق) بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر، بەردی بناغەی کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی دانرا کە لە لایەن رێکخراوی کویکای وڵاتی کۆریای باشوورەوە دروست دەکرێت.
سەرەتا بەرێوەبەری پەروەردەی خەبات وتەیەکی پێشکەش کرد و سوپاسی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی رد بۆ گرنگیدانی بە قەزای خەبات و دواتر وەزیری پەروەردە وتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی: سوپاس بۆ وڵاتی کۆریا کە هەردەم هاوکاری کەرتی پەروەردەیان کردووە.
کۆریای باشوور لە رووی پەروەردەییەوە پێشکەوتنی زۆری بە خۆیەوە بینیوە، پێش دوو ساڵ لە کۆنگرەی پەروەردەیی لە کۆریا بووین و ئەم پێشکەوتنەمان بینی و دۆستایەتیمان هەر لەگەڵ تیپی زەیتوون و دواتریش لەگەڵ ڕێکخراوی کویکا بەردەوام و گرنگ بووە و ئەمەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی نزیکەی ٤٠ ملیۆن دۆلای بۆ ۷ کۆمەڵگە دابین بکەن کە یەکیان دوێنێ بە سوپاسەوە بۆ هەڵەبجەی خۆشەویست بەردی بناغەی دابین کرا و ئەوەی ئەمڕۆش کە لێرە لە خەبات بەری بناغەی دادەنرێت هەردووکیان بە بڕی نۆ ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێن، هەڵبەت شاری هەڵەبجەی خۆشەویست شایەنی زیاترە و دەبێت کار و خزمەتی گەورەتریان بکرێت، من داوای لێبوردنیان لێ دەکەم کە نەمتوانی لایان بم.
دکتۆر پشتیوان سادق باسی هەوڵەکانی حکومەتی کرد و گوتی کە حکومەت کاری باشی لەسەر کەرتی پەروەردە کردووە و لە دوایڕاپەڕینەوە کاری باشی کردووە و کەرتی پەوەردەی باش پێش خستووە، هەرچەندە ئێستا لەبەر قەیرانی ئابووری زیاتر لە ۳۷٠ پرۆژەمان وەستاوە، لەم دوو ساڵەی رابردوو بەهۆی شەری داعش و دابەزینی نەوت و بڕینی قووتی خەڵک لەلایەن حکومەتی ئێراقەوە، دوو ساڵی ناخۆش بوون بۆ کەرتی پەروەردە، بەڵام هیودارین ساڵی ۲٠۱۷ ساڵێکی باش بێت و بتوانین کاری زیاتر بۆ پەروەردە بکەین.
وەزیری پەروەردە سوپاسی مامۆستایانی کرد کە بەردەوام خزمەتی فێربوون و پەروەردەیان کردووە و نەیانهێشت دەرگای قوتابخانەکان ببەسترێت و پێشمەرگە ئاسا بەرگرییان لە خوێندن کرد، سەبارەت بە شاری خۆشەویستی سلێمانی، بەڵێن بێت قەرەبووی خوێندنی لەدەستچووی قوتابیان دەکەینەوە و لە بەرژەوەندی ئەوان بڕیار دەدەین و تاقیکردنەوە نیشتمانی و وەزارییەکان لە یەک رۆژ و پێکەوە ئەنجام دەدرێن و بۆ پۆلە ناکۆتاکانیش دەسەڵاتی تەواومان داوەتە پەروەردەکان خۆیان.
لە کۆتاییدا وەزیری پەروەردە خۆشحاڵی خۆی بە دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکە لە خەبات و ناحیەی رزگاری دەربڕی و گوتی: خەڵکی ئەم ناوچەیە شایەنی زیاتر و خزمەتی گەورەترن.
قونسوڵی کۆریای باشوور لە هەولێر (موو جی هوون) لە مەراسیمەکەدا گوتی: دڵخۆشم کە لێرە کۆبووینەتەوە بۆ بووژانەوەی پەروەردە لێرە، پەروەردە کلیلی سەرکەوتنی ژیانە و بێ پەروەردە هەموو شتێک سنووردار و ناتەواو دەبێت.
هیوادارم ئەم پرۆژەیە هاریکاری پەروەردە و قوتابیانی کوردستان بکات لە هێنانەدی خەونەکانیان.
کۆریا یەکێکە لە پێشکەوتووترین وڵاتەکان لە هەموو روویەکەوە و ئەمەش بە هەوڵی ماندووبوونی کۆرییەکان و وڵاتان و نێودەوڵەتی بوو و لەمەشەوە کۆریا هەست بە بەرپرسیاریەتی دەکات بۆ هەوڵەکانی بووژانەوە لە کوردستان.
لەمەوە کویکا لە زۆرینەی ناوچەکانی کوردستان قوتابخانەی دروست کردووە و دوێنێش لە هەڵەبجە بووین.
کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەنگاوێکە بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان و هاوڕێیەتی زیاتری هەردوو گەل و دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئەمە دوا پڕۆژە و هاوکاری نابێت و سوپاس بۆ پێشمەرگە بۆ پاراستنی کوردستان و پێشوازییان لە ئاوارەکان.
پاشان (تاهیر عەبدوڵا) جێگری پارێزگاری هەولێر وتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی:بە دڵخۆشییەوە ئێستا زۆر رێکخراو هەن کە هاوکاری پەروەردە دەکەن و سوپاس بۆ مامۆستایان کە نەیانهێشت پرۆسەی پەروەردە بوەستێت.
بەڕێوەبەری ڕێکخراوی کویکا (چوو گوانگ) گوتی: مایەی شانازییە بۆ کارکردنمان لە بنیاتنانی دوو کۆمەڵگەی بنەرەتی.
ئاژانسی کۆری ۳٥٠ ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆژەکانی ئێراق دابین کردووە کە نیوەی ئەو بووجەیەی بۆ هاوکاری حکومەتی هەێم دابین کراوە و بۆ کەرتی پەروەردە بە بڕی ۳٥ ملیۆن دۆلار هەشت پرۆژە و بە گشتی لە ئێراقیش نزیکەی ٦٥ پرۆژە جێبەجێ کراوە.
گوانگ باسی لە پەروەردە کرد وگوتی: لە کۆریا پێشکەوتنی پەروەردە کلیلی بوونی دیمۆکراسییە لە وڵاتەکەمان. ئەمە هەلێکی گەورەیە بۆ فێربوونی کۆمپانیاکانی ئێرە لە بنیاتنانی کۆمەڵگە بە دروستکردنی قوتابخانە لە وڵاتەکەیان.
پاشان چەندین سرود و گۆرانی لە لایەن چالاکییەکانی پەروەردەی هەولێرەوە پێشکەشکران و دواتریش رێوڕەسمی بەردی بناغەکە جێبەجێ کرا.
payamner-
Top