لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان: پێشوازی لە راپۆرتی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی یونامی دەکەین
ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق(یونامی) رۆژی ٥ی دیسەمبەری ٢٠١٦ دواین راپۆرتی خۆی سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦ لە عێراق بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی بڵاوکردەوە. لەم راپۆرتەدا یۆنامی ھەوڵەکانی حکومەتی ھەرێمی بۆ پاراستنی رەوشی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو و تێدا باسی لەو یاسایانە کردووە کە کاریان پێدەکرێت بۆ پاراستنی رەوشی مافی مرۆڤ و رێگری کردن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ھەرێم.
لەم بارەوە دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: ئێمە پێشوازی لەو راپۆرتەی یۆنامی دەکەین و تێبینی و سەرنجەکانیان بە ھەند وەردەگرین کە دەبنە مایەی پێشخستن و پاراستنی زیاتری مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی کە ھەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا رووبەرووی گەورەترین شەپۆلی ھاتنی ئاوارە و پەنابەران بۆوە و ھەوڵیداوە بەو ئیمکانیاتانەی لە دەستیدایە پێشوازییان لێبکات. لە ھەمان کاتدا گرنگییەکی زۆری بە پاراستنی رەوشی ئاوارەکان داوە لە خاڵەکانی پێشوازی کردن و لە نێو کەمپەکاندا، سەرەڕای ئەو تەحەدیاتانەی لە ئەنجامی شەڕ تووشی ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان دەبنەوە.
لە راپۆرتەکەیدا یۆنامی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦ دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێم ھاوکاریان بوون بۆ ئەوەی سەردانی بەندیخانەکان بکەن و چاویان بە بەندکراوان بکەوێت. لە ئەنجامی سەردانەکانیشیاندا دەرکەوتووتە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵە لەگەڵ بەندکراوان کراوە. سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لەم بارەیەوە وتی: ئێمە ھەوڵەکانی یۆنامی بە گرنگ دەزانین، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ یۆنامی و لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە کۆبوونەوە و گفتوگۆی بەردەوامداین و ھەماھەنگییەکی باش لە نێوانماندا ھەیە و کار دەکەین لەپێناو پێشخستنی ئەو بوارانەی کە لە راپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێکراوە بەتایبەتی لە بواری مرۆیی و رەوشی مافەکانی مرۆڤ و ھەوڵ دەدەین کۆبوونەوەکانمان لەم رووە بەردەوام بێت.
سەبارەت بە بازرگانی کردن بە مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان زێباری ئاماژەی بەوە کرد کە کار بە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ ی ھەموار کراو دەکرێت، ھەروەھا رێنماییە تایبەتییەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ دەکرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش حکومەتی ھەرێم کۆمەڵێک رێکاری یاسایی بۆ رێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ گرتووەتە بەر و چەندین رێنمایی تایبەتی بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەم مەبەستەش بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە ٨٣٢٢ لە ١٦ی ئایاری ٢٠١٦ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان پێکھێنراوە.
لە بارەی رەوشی زیندانی و گرتووخانەکانی ھەرێم سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وتی: حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەھەوڵدایە بارودۆخی زیندانیان و راگیراوان باشتر بکات لە ھەموو روویەکەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ بگونجێت، لەم رووەوە باڵەخانەیەکی نوێی چاکسازی کۆمەڵایەتی گەوران لە ھەولێر بەپێی ستانداردی جیھانی دروستکراوە کە لە ٩٢ ژووری ئاسایی و ١٠ ژووری تاکەکەسی بۆ حاڵەتی پێویست پێکھاتووە و توانای حەواندنەوەی ٩٠٠ سزادراوی ھەیە، سەبارەت بە دەستگیرکردنیش گشت رێوشوێنەکانی دەستگیر کردن بە بڕیاری دادگا ئەنجام دەدرێن و ھیچ کەسێک بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناکرێت و دوای دەستگیرکردنی تۆمەتباران و داواکراوان بەپێی یاسای بنەماکانی دادگایی کردنی سزایی "قانون اصول محاکمات الجزائیە؟ ژمارە ٢٣ ساڵی١٩٧١ی ھەموارکراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ و ھەموو مافە یاساییەکانی خۆیان ھەیە بەپێی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان لەوانەش مافی ھەبوون و دابینکردنی پارێزەری تایبەت بە خۆی، ھەروەھا لە کاتی دەستگیرکردنی ھەر گومانلێکراوێک تەمەنی یاسایی تەواواکردبێ یان لە خوارووی تەمەنی یاساییەوە بێت ماوەی ٢٤ی کاتژمێر پێویستە، بۆ ئەوەی پەراوی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لێی بنێردرێتە یەکێک لە داداگا تایبەتمەندەکان و بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.
راپۆرتەکەی یۆنامی باس لە رەوشی ئافرەتان و بە شوودانی منداڵان دەکات و رۆژنامەنووسان ئاماژە بە چەند سەرنج و تێبینییەک دەکات، لەم بارەوە سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وتی: زوو بە شودانی منداڵ واتە لە خوار تەمەنی یاسایی کچ بە شوو دەدرێت زیاتر لە نێو ئاوارە و پەنابەراندایە لە سەنتەری شارەکاندا کەمترە، ھەر بۆیە حکومەتی ھەرێم بە ھاوکاری "UNFPA" کۆمبی پلانی "نا بۆ بەشوودانی منداڵان"ی ئامادەکراوە، پرۆژەکە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت و پێکھاتووە لە ھەڵمەتێکی ھۆشیارکردنەوە لەلایەنی پەروەردەیی و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئایینییەوە، دیارە ژمارەیەک لەو کەسانەی لە خوار تەمەنی یاساییەوە بەشودراون بە نھێنی بووە و بەشێوەیەکی نایاسایایی و لە دەرەوەی دادگا ئەم کارە ئەنجامدراوە، ھەر کەسێک لە بەشودانی منداڵان دەستی ھەبووبێت ئەوا دەستگیر دەکرێت و لە دادگا بە گوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. سەبارەت بە بارودۆخی رۆژنامەنووسان ھەر پێشێلکارییەک بەرامبەر رۆژنامەنووس یان میدیاکاران کرابێت دادگا ئیجرائاتی پێویستی خۆی دەکات.
لە کۆتاییدا سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: یۆنامی مەشق و راھێنان بە ھێزەکانی ئاسایش، ھێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارە حکومییەکان کردووە و تا ئێستاش چەندین خولی تایبەتی کردووەتەوە بۆ ئەوەی ھاوکار بێت لە باشترکردنی رەوشی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان، ئێمە ستایشی ئەم ھەوڵانەیان دەکەین و لە داھاتووشدا بەردەوام دەبێن لە ھاوکاری و ھەماھەنگی نێوان حکومەت و یۆنامی لەپێناو برەودان بە بواری مرۆیی و پاراستنی رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان و بە ھەند وەرگرتنی ئەو تێبینی و سەرنجانەی لە یۆنامی وە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی دەکرێت بەشێوەیەک کە لەگەڵ بنەما و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان بگونجێت.
payamner-
