سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئازربایجان و سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا کۆبۆوە

سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئازربایجان و سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا کۆبۆوە
ڕۆژی چوارشەممە 18ـی 1ـی 2017 لە پەراوێزی دیدارەکانی دووەم ڕۆژی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤوس، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دوو دیداری جیادا لەگەڵ بەڕێزان ئیلهام عەلییف، سەرۆک کۆماری ئازربایجان و مارک ڕووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا کۆبۆوە.








ئێوارەی چوارشەممە، سەرۆک بارزانی لەگەڵ مارک رووتە، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا و شاندی یاوەری کۆبۆوە. لە دیدارەکەدا، کە بەڕێزان دکتۆر فواد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، ئاماژەی بە سەردانی خۆی لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو بۆ هەرێمی کوردستان و سەردانی هەر دوو وەزیری بەرگری و پەرەپێدانی وڵاتەکەی بۆ هەولێر لە هەفتەی یەکەمی ئەمساڵ، کرد و جەختی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولا کردەوە و ئامادەیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە هۆڵەندا ئامادەیە جگە لە بواری سەربازی و مەشقکردن بە پێشمەرگە، لەبوارەکانی دیکەشدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدات.


هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە کرد بۆ سەرکەوتنەکان دژی تیرۆریستانی داعش و دواتر بەرەوپێشچوونەکانی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ و قۆناخی دوای ئازادکردنی موسڵ خرایە بەرباس.


لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی وێڕای دەربڕینی سوپاس بۆ گەل و حکوومەتی هۆڵەندا بۆ هاوکاری و پشتیوانییان بۆ کوردستان، لەبارەی قۆناخی دوای ئازادکردنی موسڵ، ڕایگەیاند کە پێویستە ئیدارەکردنی ئەو ناوچانە بەجۆرێک بێت کە پێکهاتەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لەسەردەستی داعش زیانیان پێگەیشتووە، هەست بە ئارامی و دڵنیایی بکەن.


هەر ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ـی١ـی٢٠١٧، لە پەراوێزی دیدارەکانی کۆڕبەندی داڤۆس، سەرۆک بارزانی و ئیلهام عەلییف سەرۆکی ئازربایجان کۆبوونەوە.


لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆماری ئازربایجان باسی پەیوەندیی مێژوویی نێووان هەردوو گەلی کوردستان و ئازربایجانی کرد و جەختی لەسەر پەرپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە و باس لە سوودوەرگرتن لەو پەیوەندییە مێژووییانە بۆ بونیادنانی پەیوەندیی نێوان کۆماری ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان کرا، بەتایبەتییش لەبواری بازرگانی و ئابووری.


لە دیدارەکەدا سەرۆکی ئازەربایجان بانگهێشتی سەرۆک بارزانی کرد بۆ سەردانی وڵاتەکەی. هەروەها باس لە سەردانی شاند لەنێوان هەردوولا کرا. لەکۆتایی دیدارەکەدا شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش و ڕەوشی عێراق و ناوچەکە خرایە بەرباس.


بەڕێزان دکتۆر فواد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی ئەو دیدارە بوون.


Top