محەمەد کەمال: بڕیاری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پەلەی لێ کراوە
(محەمەد كەمال)، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە كەركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت،"
رەوشی عێراق بۆ سازدانی هەڵبژاردنەکان لەبار نییە، ئەگەر باسی كەركووك بكەین هێشتا قەزایەك و چوار ناحیەی لەدەست چەكدارانی تیرۆریستی داعشدان، ژمارەیەكی زۆر خەڵكی كەركووك ئاوارەیە و نەگەڕاوەتەوە شوێنی خۆیان، پێشم وانیە ئەو خەڵكە لەو چەند مانگەدا بگەڕێتەوە، بۆیە بە گشتی رەوشی ئێستای عێراق تێدا دەربازدەبێت هی ئەوەنییە هەڵبژاردن بكرێت، ناوچەكانی دیكەی مووسڵ و تكریت هێشتا هەر شەڕە، لەبەر ئەوەش پێمانوایە ئەمساڵ گونجاو نییە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق.
بەرپرسی لقی سێی پارتی دەشڵێ، بڕیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان پەلەی لێ کراوە، داواش دەكەین كەركووك بەشداربێت لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، چونكە لە دوو خۆلی رابردووی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق پارێزگای كەركووك بێبەش كراوە بەڕاستی ئەو رەوشە بۆ ئێمە ناخۆشە و پێویستە كەركووكیش بگرێتەوە، بەڵام لە رەوشێكی گونجاودا هەڵبژاردن بكرێت.
(محەمەد كەمال) ئاماژەیشی دا، گۆڕانكاری بەسەر یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا دێت، ئێستا پڕۆژەیاسایەك لە پەرلەمانی عێراق ئامادەیە و خوێندنەوەی یەكەمی بۆكراوە، خەریكە راستدەكرێتەوە هەندێ گۆڕانكاری بەسەر یاسای ساڵی ٢٠٠٨ دێت، پێشبینی دەكەین بڕیاری باشتر لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەكانەوە دەربچێت و كەركووكیش بگرێتەوە.
kdp-
