عەرەبەکانی خورماتوو دژ بە شارۆچکەبوونی ئامرلین
شێخ سائیر بەیاتی، نوێنەری سەرۆک ھۆزە عەرەبەکانی خورماتوو، ئەمڕۆ چوارشەممە 18/1/2017، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "عەرەبەکانی خورماتوو، لەگەڵ گۆڕینی ئامرلی لە شارەدێوە بۆ شارۆچکە نین، لەبەرئەوەی دەستێکی ڕەش لە ناو حەشدی شەعبی ھەوڵێ لە ھەوڵی ئەوەدان ئامرلی بکەنە شارۆچکە و دەیانەوێت دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕن و بیکەنە شیعەنشین".
نوێنەری سەرۆک ھۆزە عەرەبەکانی خورماتوو، ئەوەشی خستەڕوو: "ڕێژەی دانیشتوانی ئامرلی و دەوروبەری 35 ھەزار کەسە، بەڵام لە ناوەندی شارەدێکە تەنیا 13 ھەزار کەسن کە زۆرینەیان لە تورکمانی شیعە پێکدێن و ئەوانی تر دانیشتووی گوندەکانی سەر بە ئامرلین کە سەرجەم دانیشتووانی گوندەکانی سەر بەو شارەدێیە عەرەبن و لە گەڵ بوونی ئامرلی بە شارۆچکە نین".
گوتیشی: "ئێستاش تەواوی دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری ئامرلی، پێشتر لە دەستی داعش و ئێستاش لە بەر حەشدی شەعبی ئاوارەی کەرکووک و شارو شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بوونە، بەبێ ڕای ئەوانیش ھەڵساون بە گۆڕینی ئامرلی لە شارەدێوە بۆ شارۆچکە".
bas news-
