پەرلەمانتارێک: بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پارێزگاکان کەرکووکیش بگرێتەوە ھەموو ھەوڵێک دەدەین
محەمەد عوسمان، نوێنەری کەرکووک، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 18/1/2017، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "وەکو نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەموو ھەوڵێک دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە 16/9/2017 بەڕێوە بچێت، کەرکووکیش بگرێتەوە".
ئەو پەرلەمانتارە کوردە، ئەوەشی خستەڕوو: "لەبەرئەوەی ماوەی زیاتر لە 11 ساڵە ھەڵبژاردن، بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک نەکراوە، بە بیانووی ئەوەی کەرکووک تایبەتمەندی خۆی ھەیە".
گوتیشی: "لە پڕۆژەیاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ماددەی 37 دا کە لە دوو بڕگە پێکھاتووە، ھێما بۆ ئەوە دەکات کە کەرکووک دەتوانێت بەشداری ھەڵبژاردنەکان بکات و ئێمەش ھەوڵی جددی بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە دەدەین، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لە کەرکووکیش ئەنجام بدرێت".
bas news-
