فەرماندەیەکی پێشمەرگە: داوا دەکەین پەکەکە کوردستانی باشوور بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار نەهێنێت
جەمال مورتکە، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە میحوەری گوێڕ ڕایگەیاند: “پەکەکە لە باشووری کوردستان دەیەوێت گرفت دروست بکات، لە هەندێک شوێندا بازگەی سەربازییان داناوە کە ناکرێت ئەوە هەبێت، لە چەند ناوچەیەکیش دەستیان بە چالاکی کردووە کە ئەوەش گرنگە بۆ خەڵک ڕوون بکرێتەوە، خەباتی پەکەکە دیارە لە کوێیە”.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ناکرێت کوردستانی باشوور بۆ مەرامی تایبەتیی پەکەکە بەکار بهێندرێت و وەک ئامرازێک بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی پەکەکە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. گوتیشی: “بەداخەوە لەماوەی ڕابردوودا لە زاری قایمقامی شنگالەوە زانیومانە دوو کارمەندی حکوومەت و چەند کەسێک لە سنووری ژێر دەسەڵاتی پەکەکە لە شنگال کوژراون”.
ئەمە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی خۆجێیی شنگال و کەسایەتییەکانی ناوچەکە، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای کشانەوەی پەکەکەیان لە شنگال کردووە، بەڵام پەکەکە ئەم داوایەی ڕەت کردووەتەوە.
باسنیوز
