بزووتنەوەی گۆڕان هەڵمەتێک لە دژی یەکێتی دەست پێ دەکات
لە چوارچێوەی کاردانەوەکان بەرامبەر بە پەیامەکەی بارزانی، بڕیارە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، پڕۆژەیەکی فراوان بۆ چارەسەری دۆخی سیاسیی کوردستان ئامادە بکات کە بەهۆیەوە هەردوو باڵەکەی یەکێتی لە یەکتر نزیک کەوتوونەتەوە. بەپێی پڕۆژەکە، چەند پرسێکی گرنگ یەکلا دەکرێتەوە کە دیارترینیان بابەتی ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان یەکێتی و پارتی دیموکراتیی کوردستانە.
دوای ئەو هاوهەڵوێستییەی نێوان هەردوو باڵەکەی یەکێتی و ئەگەری هەنگاونان بە ئاراستەی هێورکردنەوەی دۆخی سیاسیی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی دیموکراتیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، هەڵمەتێکی لە ڕێگەی سەرکردەکانیەوە دەست پێ کردووە و بە بیانووی وەڵامدانەوەی قسەکانی لاهوری شێخ جەنگی کە بە یەکێک لە سەرکردەکانی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی هەژمار دەکرێت، ڕەخنەی توند لەو حزبە دەگرن.
لەمبارەیەوە هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە: ”من دژی ڕێککەوتنی گۆڕان و پارتی بووم و وتاری دیشلەمەخواردنەوەکەم لە دژی ئەو ڕێککەوتنە نووسیوە و پێم وابوو هەڵەیە، بەڵام ئەگەر ئەو هەنگاوە سیاسییەی گۆڕان هەڵەش بێت، بەرپرسیارێتییەکەی زیاتر لە ئەستۆی یەکێتییە کە لە لایەک بەدەم دەستپێشخەرییەکەی پێشتری نەشیروان مستەفاوە نەهاتوون، لە لایەکی ترەوە هەڕەشەی گۆڕانیان دەکرد کە ناتوانێ بەو دەنگە زۆرەوەشەوە بەشداریی حکوومەت بکات“.
هەر لەمبارەیەوە، د. ئاسۆ مەحموود، یەکێک لە هەڵسووراوەکانی گۆڕان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە: ”بزووتنەوەی گۆڕان لە ھەناوی یەکێتییەوە نەھاتووە، بەڵکو لە ھەناوی گەندەڵی و ناعەدالەتی و نا یاسایی و بێ سیستەمی ھاتووەتە بوون“.
هاوکات باسی لەوە کردووە کە لە ماوەی دوو ساڵی پێشوودا، ھەموو ھەوڵی گۆڕان بۆ ھێشتنەوەی یەکێتی ”بە یەکگرتوویی“ بووە. دەشڵێت: ”لە دوای دروستبوونی ناوەندی بڕیاریەوە، ھەردوولاتان دەتانویست بە جیا مامەڵەتان لەگەڵدا بکەین، ئـەوە بزووتنەوەی گۆڕان بوو کە ڕەتی کردەوە شەرعیەت بە لەتبوونی یەکێتی بدات، ئـێمەبووین وتمان باڵ ناناسین و یەکێتی دەناسین، بەڵام دیارە پاداشتی چاکەمان بەم تۆمەتانە دەدەنەوە“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام چاودێران هۆشداریی ئەوەیان بە بزووتنەوەی گۆڕان داوە کە لە سیاسەتکردندا کارێک نەکات، لە گۆڕەپانەکە بە تەنیا بمێنێتەوە.
باسنيوز
