هه‌ده‌په: بۆ سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی ده‌ڵێین نه‌خێر
په‌رله‌مانی توركیا ماوه‌ی زیاتر له هه‌فته‌یه‌كه ده‌ستیكردووه به تاووتوێكردنی مادده‌كانی پڕۆژه‌ی تایبه‌ت به‌گۆڕانكاری ده‌ستوری له توركیا‌و گۆڕینی سیسته‌می په‌رله‌مانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی و تائێستا چه‌ند مادده‌یه‌كی په‌سه‌ندكراوه.
ئایهان بیلگه‌ن وته‌بێژی پارتی دیموكراتی گه‌لان ئه‌مڕۆ له وتارێكدا له كۆبونه‌وه‌ی فراكسیۆنی هه‌ده‌په له په‌رله‌مانی توركیا وتی "سه‌رۆك كۆماری توركیا له بوونی چوار پارت له ناو په‌رله‌مان ناڕازییه و داوای بوونی دوو پارتی ده‌كات و دواتریش ده‌ڵێت یه‌ك پارت به‌سه".
له‌باره‌ی پرۆژه یاسای سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی یه‌وه، بیلگه‌ن وتی "هه‌ڵوێستمان زور روون و ئاشكرایه و بۆ ئه‌م پرۆژه یاسایه ده‌ڵێین نه‌خێر".
به پێی پرۆژه یاسای سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی، سه‌رۆك كۆماری توركیا ده‌بێته سه‌رۆكی جێبه‌جێكار و پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و په‌یوه‌ندی سه‌رۆك كۆمار له گه‌ڵ پارته‌كه‌ی دانابڕێت و مافی ده‌ركردنی بڕیاره‌كانیشی هه‌یه.
هه‌روه‌ها سه‌رۆك كۆمار نیوه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ده‌زگای دادوه‌ران و داواكاری گشتی هه‌ڵدبژێرێت، دادگای سه‌ربازیش هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه هه‌روه‌ها ژماره‌ی ئه‌ندامانی دادگای ده‌ستووری بۆ 15 ئه‌ندام كه‌مده‌كرێته‌وه و سه‌ربازان له ناویاندا نابن.
وته‌بێژی هه‌ده‌په باسی له‌وه‌كرد، رێژه‌ی ده‌نگی دوو (ئه‌كه‌په و مه‌هه‌په) سه‌دا 65 ده‌نگی به‌ڵێی لێ ده‌رده‌چێت "به‌ڵام بۆچی ئه‌وه‌نده نیگه‌رانن و له سه‌دا 13 ی ده‌نگه‌كانمان ده‌ترسن، پێده‌چێت له ژێر فشاردا پرۆژه‌ی سیستمی سه‌رۆكایه‌تی له په‌رله‌مان به 330 ده‌نگ تێپه‌رێت"، داواشیكرد په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په له‌زیندان ئازاد بكرێن.
به‌پێی پرۆژه‌یاسای سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڵبژاردنی خۆجێی (شاره‌وانیه‌كان) له مانگی ئاداری 2019 ئه‌نجامده‌درێت و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار و هه‌ڵبژاردنی گشتی په‌ڕله‌مان، له مانگی تشرینی دووه‌می 2019 ئه‌نجامده‌درێت.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا وته‌بێژی هه‌ده‌په باسی له قه‌یرانی دارایی توركیا كرد و ئاشكرایكرد له ساڵی 2008 رێژه‌ی بێكاری له سه‌دا 11.8 بووه، به‌ڵام له‌م ساڵه‌ی دواییدا 500 هه‌زار بێكار هه‌یه.
بیلگه‌ن ده‌ڵێت، له 12 ی ئه‌یلولی 1980 دوای كوده‌تای سه‌ربازی 30 هه‌زار كه‌س له كاره‌كانیان دورخرانه‌وه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ 135 هه‌زار كه‌س دورخراونه‌ته‌وه، ئه‌و كاته (1980) 3800 مامۆستا ده‌ركران، به‌ڵام ئه‌مڕۆ 35 هه‌زار مامۆستا ده‌ركراون و له 12 ئه‌یلول 120 ماموستای زانكۆ دورخرانه‌وه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ژماره‌ی مامۆستا دورخراوه‌كان گه‌یشتووه‌ته 7000 مامۆستا.
xendan -
