نوێنەری حکومەتی هەرێم له پۆڵۆنیا بەشداری لە دیداری دەستەی دیپلۆماتی لەگەڵ پارێزگاری ھەرێمی شلۆنسکی دەکات

نوێنەری حکومەتی هەرێم له پۆڵۆنیا بەشداری لە دیداری دەستەی دیپلۆماتی لەگەڵ پارێزگاری ھەرێمی شلۆنسکی دەکات
لە شاری کاتۆڤیچا Katowice پایتەختی ھەرێمی شلۆنسکی Śląskie دیدارێکی ساڵانە بە بۆنەی جەژنی سەری ساڵ بەڕێوەچوو، کە تێیدا دەستەی دیپلۆماتی شارەکانی باشووری پۆڵۆنیا بانگھێشت کرابوون.



خودان دیدارەکە پارێزگاری ھەرێمی ناوبراو "پیۆتر ڤیێچۆرێک" Piotr Wieczorek بوو. لە دیدارەکە زیاتر لە دە کۆنسوڵ بەشدارییان کردبوو، لەوانە کۆنسوڵانی گشتی و فەخری شاری کڕاکۆڤ و کاتۆڤیچا و ھتد وەک ھەموو ساڵێک زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا بانگھێشت کرابوو بۆ بۆنەکە.



بۆنەکە بە پیرۆزبایی کردنی جەژنانە لە ئامادەبووان دەستی پێکرد لەلایەن پارێزگاری ھەرێمی شلۆنسکی و ھەروەھا وتەیەکی کورتی کۆنسوڵی گشتی وڵاتی ھنگاریا لە کڕاکۆڤ. دواتر زیاد ڕەئوف وتەیەکی پێشکەش کرد، تیایدا ئاماژەی بە قوربانی و پاڵەوانێتی ھێزی پێشمەرگە کرد لە ساڵی ٢٠١٦ دا، کە چۆن دلێرانە بەرەنگاری تیرۆریستانی داعش بوونەوە و ئازایەتیان لە لایەن سەرکردەکانی جیھانەوە ئاماژەی پێ دراوە. لە ھەمان کاتدا کوردستان دووچاری زەحمەتی زۆر بووە بەھۆی وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە. نوێنەری حکومەت سوپاسی ھەموو ئەو وڵاتانەی کرد کە ھاوکاری ھەرێمی کوردستانیان کردووە لە ڕووی سەربازی و مرۆیی، لە ھەمان کاتدا سەرەنجی دا کە ھاوکاری بەردەوام پێویستە، بە تایبەت بانگەوازی کرد بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی پێشمەرگە لە نەخۆشخانەکانی پۆڵۆنیا. زیاد ڕەئوف لە کۆتایی قسەکانی جەژنە پیرۆزەی لە ھەمووان کرد و ھیوای خواست ساڵی ٢٠١٧ کۆتایی بە تیرۆریزمی جیھانی بێت.



لە کۆتاییدا نوێنەری حکومەت گفتوگۆیەکی لەگەڵ پارێزگاری شلۆنسکی ئەنجامدا، تیایدا پشتیوانی و ھاوسۆزی بۆ کوردستان دووپات کردەوە. ڕایگەیاند کە بابەتی وەرگرتنی بریندارانی پێشمەرگە لە نەخۆشخانەکانی پارێزگاکە تاوتوێ دەکات.



بۆنەکە بە پڕۆگرامێکی ھونەری و خوانێکی سادە کۆتایی ھات.



مانگی یەنایەر لە وڵاتی پۆڵۆنیا مانگێکە کە ھەموو دام و دەزگا سەربەخۆ و حکومییەکان دیداری تایبەت بە سەری ساڵ ڕێکدەخەن، تیایدا بەرەنجامی ساڵی ڕابردوو دەخرێتە ڕوو و پلانیش بۆ ساڵی نوێ نیشان دەدرێت.

payamner -
Top