حکوومەتی ھەرێم لێدوانی چەند پەرلەمانتا‌رێکی کورد لە بەغدا ڕەتدەکاتەوە

حکوومەتی ھەرێم لێدوانی چەند پەرلەمانتا‌رێکی کورد لە بەغدا ڕەتدەکاتەوە
لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، "سەفین دزەیی" وتەبێژی فەرمیی حکوومەت ڕایگەیاند: چەند پەر‌لەمانتا‌رێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق ڕایانگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەیەکدا "حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیرانی عێراق پێی گوتوون حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە ملیۆنێک و سێسەد ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە دەکات.



لەمبارەیەوە دزەیی گوتی: نازانین ئەگەر ئەو پەرلەمانتا‌رانە بووبن بە وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵام ئێمە نە بە شێوەیەکی فەرمی و نە نافەرمیش نەمانبیستووە بەڕێز عەبادی قسەیەکی وای کردبێت. ژمارەی ڕاستەقینەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان ئەو ژمارانەن کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتەکانیدا بڵاویاندەکاتەوە و ھەمان ئەو ژمارانەن کە لە کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی نەوت وەریاندەگرێت.



لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا سەفین دزەیی گوتی: ئەو پەرلەمانتارانە، یانیش با بڵێین ئەو وتەبێژانەی سەرۆک وەزیرانی عێراق باشتر وابوو بەرلەوەی بۆ خۆدەرخستن و لە خۆیانەوە لێدوانی بێبنەما و بێسەروبەری لەو شێوەیە بدەن، پرسیارێک لە لایەنە پەیوەندارەکانی وەزارتی سامانە سروشتییەکان بکەن تاکو ژمارەی ڕاستەقینەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانیان دەستکەوێت.
payamner -
Top