کادیرەکانی پەکەکە ھەڕەشە لە کەمئەندامێک دەکەن

 کادیرەکانی پەکەکە ھەڕەشە لە کەمئەندامێک دەکەن
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە قەزای خورماتوو، لەژێر ناوی (تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان) بارەگایەکی کردووەتەوە و لە ساڵی پارەوە تا ئێستا ژمارەیەک ھەرزوکار و گەنجی خورماتووی رەوانەی چیا کردووە، وێڕای ناڕازیبوونی کەسوکار و ماڵباتەکانیان، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا چوار کادیری پەکەکە، سەردانی ماڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتیان کردووە و پێیان ڕاگەیاندووە، جارێتر نەپرسێت براکەی لە کوێیە و پەکەکە ڕفاندویەتی و ھەڕەشی ئەوەیان لێ کردووە.

ژمارەیەک لە کادیرە گەریلاکانی پەکەکە لە قەزای خورماتوو ھەن و سەردانی ماڵان و گەنجان دەکەن بۆ ئاشنایەتی بە ئایدۆلۆژیای پەکەکە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان.

ئێستا توڕەیی لای زۆر خێزان و خەڵکی خورماتوو دروست بووە، دوای ئەوەی کە ئەو کادیرانەی پەکەکە، بوونەتە ھۆی ئەوەی ژمارەیەک لە ھەرزەکاران و گەنجان، بێ رەزامەندیی کەسوکاریان، واز لە خوێندن و خێزان و کار بھێنن و ببنە گەریلا و تا ئەو ئاستەی فشارێکی زۆریان خستووەتە سەر کادیرەکانی پەکەکە کە چیتر کارێکی وا نەکەن گەنجیانیان ببرێت بۆ شاخ و بۆ ئەوەی ئەو گەنجانەی کە لە قەندیلن بیانێرنەوە بۆ ناو کەسوکارەکانیان.

سەرچاوەیەکی تەناھی گوتی: "کادیرەکانی پەکەکە لە خورماتوو بێ ئەوەی پرس بە یەکەی کارگێڕیی خورماتوو بکەن، ھاتوونەتە ناوچەکە و بارەگاشیان لەنێو کۆڵانێک کردووەتەوە و لە ماوەی ڕابردوودا چەندین خولی ئایدۆلۆژی و چەکدارییان بۆ گەنجان کردووەتەوە و بە بەردەوام سەردانی ماڵان و گەنجان دەکەن، بەبێ ئەوەی فکرەی نەتەوەیی و دەوڵەت و کوردایەتی فێری ئەو گەنجانە بکەن، باسی کانتۆن و کانتۆنکاری و کۆمەڵێک بیرۆکەی نامۆ بۆ ئەو گەنجانە دەکەن، ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی، لە پار ساڵەوە تا ئێستا لە خورماتوو ٥ گەنج چوونەتە قەندیل بۆ بوون بە گەریلا".



ھەمان سەرچاوە گوتیشی: "یەکێک لەو گەنجانە ناوی (حوسێن)ە بەڵگەی پزیشکیی ھەیە کە تووشی حاڵەتی لەبیرچوونەوە بووە، بە ھۆی لێدانێک لە جومجومەی سەری و کاریگەرییەکانی ئەو لێدانەش لە ٤٥%ە و لەلایەن کەسوکارەکەیەوە ئەو بەڵگە پزیشکییەش براوە بۆ گوندی ئێنزی لە بناری قەندیل، کە بارەگایەکی پەکەکەی لێیە، بۆ ئەوەی کوڕەکەیان ڕادەست بکەنەوە، کەچی بە کەسوکارەکەیان گوتووە، ناتوانن کوڕەکەتان ببین و لە چەند ڕۆژی ڕابردووش ٤ لە کادیرەکانی پەکەکە سەردانی ماڵی برایەکی نەجاتیان کردووە لە گەڕەکی کۆماری خورماتوو و پێیان ڕاگەیاندووە، جارێکی تر باسی براکەت بکەیت، خۆت بەرپرسیار دەبیت".

سەرچاوە ڕاشی گەیاند: "پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان، ڕێگە لە جموجۆڵەکانی کادیرەکانی پەکەکە بگرن، لەبەرئەوەی دەبێتە ھۆی ئەوەی گەنجان و ھەرزەکاران پەلکێشی شاخ بکەن و دواتر دەبنە موڵکی پەکەکە و ئەوان وەکو کۆنتڕۆڵێک جموجۆڵی پێ دەکەن و لە کام ڕێکخستنی سەربازی یان سیاسی بیانەوێت دایدەنێن، بەبێ ئەوەی ڕای کەسەکە خۆی وەربگرن“.

بێستون نەجات، ئەو ھاووڵاتییە خاوەن پێداویستیی تایبەتەیە، کە برایەکی ماوەی زیاتر لە شەش مانگە سەرەڕای ئەوەی نەخۆشە براوەتە شاخ و کراوەتە گەریلا، چەندین جار داوای لە کادیرەکانی پەکەکە کردووە کە براکەی بنێرنەوە بۆ شار بێ سوود بووە و پاشان ویستویەتی براکەی ببینێت، بەڵام بەرپرسانی پەکەکە ڕازی نەبوونە.

بێستوون لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەنووسێت: "چوار لە ھەڤاڵانی پەکەکە ھاتنە ماڵەکەم و لەسەر جێگاکەی خۆم ھەڕەشەی ئەوەیان کرد جارێکی تر نەپرسم حوسێنی برام لە کوێیە و چی دەکات، ھاوکات ئەو کادیرانە پپێیان ڕاگەیاندم، خۆت بەرپرسیار دەبی لە ئەنجامی پرسیارکردنەکەت و یاخود لای خەڵک بڵێی پەکەکە براکەتی بردووە".

بێستون دەشنووسێت: "تاوانی منیش ئەوەبوو کەوا چەند ساڵێک خزمەتی ئەو کادیرانەی پەکەکەم کرد و ئەوەش ئەنجامەکەیەتی، باشە بۆ نابێ بپرسم کوا براکەم؟!، ئەردۆغانی دژە کورد، لە دوای ٢٠ ڕۆژ بە کەسوکاری زیندانیانی کورد لە تورکیا دەڵێت، وەرن زیندانیکراوەکانتان ببینن، کەچی پەکەکە براکەی منی بردووە، بە ناوی کوردایەتیشەوە نابێ پرسیاری بکەین".

لە کۆتاییدا نووسینەکەیدا بێستون ھێما بۆ ئەوە دەکات: "ئەگەر دەتانەوێ ئازاری من بدەن ئەوە ئەمڕۆ تایەی کورسییەکەم پەنچەر بوو، گەورەترین ئازاری بێ براییم بینی، ھەر بۆیە بێ باکیشم لە مردن".

لەم بارەیەوە ئەحمەد شێخ لەنگەری، پەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند: "لە ڕاستیدا کردنەوەی بارەگا و ھاتنی کادیری پەکەکە بۆ خورماتوو، ھیچ پێویست ناکات، چونکە دەبێتە ھۆی ئەوەی کە گەنجان و ھەرزەکاران بڕۆن بۆ شاخ و ئەوکاتە کەسوکاری ئەو گەنجانەش سەریان لێ دەشێوێت و جگە لەوەی ھەواڵی کوڕەکانیان نازانن، چارەنووسی ژیانیشیان نا دیار دەبێت، بۆیە وا پێویست دەکات گەنجانی ئێمە زیاتر چاوکراوە بن و بە قسەی خەڵکانێک نەکەن لە خشتەیان ببەن".

ئەو بەرپرسە گوتیشی: "ماوەیەکە لە خورماتوو کادیرەکانی پەکەکە، لە ژێر ناوی جیاواز کاری خۆیان دەکەن، بەڵام پێویستە ئاگایان لەوە بێت کە ئێرە ناوچەیەکی ھەستیارە و پێویستە بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین، لەبەر ئەوەی سنوورەکە خۆی چەندین کێشەی جۆراوجۆری ھەیە و ھەمیشە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەین و ھەوکات گرفتی تەناھیش بوونی ھەیە و ئێستاش کادیرەکانی پەکەکە خەڵک بەوە سەرقاڵ بکەن کە کارێکی وا دەکەن گەنجان ببرێنە شاخ و دواتر ئازارێکی گەورە لە دڵی کەسوکارەکانیان دروست بکەن، لە چاوەڕوانی منداڵەکانیان، بۆیە پێویستە پەکەکە دەستبەرداری ئەو کارەیان بن".





باسنيوز
Top