لیژنەی نەزاھە: خەڵکێکی زۆر لەسەر گەندەڵی گیراون و پلەی جۆراوجۆریان تێدایە
سەرەتا ئاماژەی بە چاکسازییەکانی حکوومەت کرد و گوتی: "ئەوەی ئێمە دەخوازین لە چاکسازییەکان ئەوەیە یاسا جێبەجێ بکرێت و کەس لەسەر یاسا تێپەڕ نەبێت، بەڵام ئەو دامودەزگایانەی دژی گەندەڵی کار دەکەن، لە ئاستی داخوازییەکانی ئێمەدا نین و کارەکانیان لاوازە و پێویست بوو بەھێزتر بوانە".
دۆسکی ئەوەی خستە ڕوو، زۆر دۆسییەی گەندەڵی لە دەستەی نەزاھە کاریان لەسەر کراوە و ھەندێک دۆسییەش یەکلایی بوونەتەوە و رەوانەی دادگا کراون، ھەندێک دۆسییەش تا ئێستا یەکلایی نەبوونەتەوە، گوتیشی: "ئەوانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی گرنگ نییە بچووک بن یان گەورە، گرنگ ئەوەیە کارەکە بەدەر لە یاسا بووە و گەندەڵی ھەر گەندەڵییە گەورە بێت یان بچووک، خەڵکێکی زۆریش لەسەر گەندەڵی گیراون، کە پلەی جۆراوجۆریان تێدایە.
بڕیاردەری لیژنەی نەزاھە لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، لەو سەد دۆسیەیەی لە لایەن لیژنە چاکسازییەکەی بارزانی رەوانەی نەزاھە کراوە، دەیان دۆسیەیان دراونەتە دادگاکان، گوتیشی: "ئەو کەسانەی ناویان لە دۆسییەکانی گەندەڵیدایە لە ھەر پلە و پایەیەک دابن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و دەبرێنە بەردەم دادگا و کەسیش لە لێپرسینەوە دەربازی نابێت، بەڵام ھەندێک پێویستی بە کات ھەیە.
ئەنەس دۆسکی راشی گەیاند، ژمارەیەک دۆسیەی گەندەڵییان داوەتە دەستەی نەزاھە و ئەوانیش کاریان لەسەر کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوامن لە پێوەندی و ھاوئاھەنگی: "بڕیارە مانگی داھاتوو لیژنە چاکسازییەکەی بارزانی بە داتا و ئامار راپۆرتی کارەکانی خۆیان بخەنە روو، ئومێد دەکەین دوای ئەوەش کاری باشتر بکرێت".
سەبارەت بە پشتیوانیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و راگەیاندنی چاکسازییەکان، ئەو دەیگوت: "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پشتیوانی لەو دامودەزگایانە دەکات کە بەرەنگاری گەندەڵی دەبنەوە، بۆ ئەوەش بارزانی تیمی تایبەتیی ھەیە بۆ پشتیوانیکردن لەو دەزگایانە، پشتیوانیی بەڕێزیان ھێزێکی تری داوەتە ئەو بابەتە".
دۆسکی گوتیشی: "بارزانی بە دادوەرەکان و دەستەی نەزاھەی گوتووە، ئەگەر لە شوێنێک رێگەیان نەدا یاسا کاری خۆی بکات، ئەوا خۆم بەدواداچوون دەکەم و خۆم خاوەنداریی ئەو بایەتە دەکەم".
ئەو پەرلەمانتارە پێشی وایە، گەندەڵی بووەتە مەترسی لەسەر ئەزموونی ھەرێمی کوردستان: "بارزانی پێی گوتین چۆن فەڕزە لەسەر ئێمە شەڕی داعش بکەین، شەڕی گەندەڵی و گەندەڵکارانیش دەکەین، بێ گومان ئەگەر ئەو شەڕ و دۆخەی قەیرانی دارایی و سیاسی نەبوایە و بارودۆخێکی ئارام ھەبوایە، ھەنگاوی گەورەتری بەرەنگاربوونەوەی شەڕی گەندەڵی دەبیندرا".
دۆسکی نیگەرانە کە ئیجرائاتەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تێکەڵ دەکرێن بە ململانێ و بابەتە سیاسییەکان، گوتیشی: "دۆخەکە بەم جۆرەیە ھەر ھەنگاوێک بگیرێتە بەر تێکەڵی سیاسەت دەکرێت، بە تایبەت ئەو کەسانەی سزایان بەسەردا دەسەپێندرێت و دوور دەخرێنەوە بابەتەکان بە سیاسی دەکەن".
ڕوونی کردەوە، لە دوو ساڵی رابردوودا پێشینە بۆ شەڕی داعش بووە، بەڵام لەمەودوا پێشینەی کارکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەبێت، گوتیشی: "بەداخەوە ھەندێک لە حزبە سیاسییەکان لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان بێ ئومێدییان لەنێو خەڵک بڵاو کردووتەوە و خەڵکیان دووچاری دڵەڕاوکێ و نائاسوودەیی کردووە، بەڵام راستییەکە بابەتێکی ترە، بێ گومان لەدوای ناخۆشیی خۆشی ھەیە و دوو ساڵی رابردوو تەنگانەی زۆرمان دیت و ئومێد ھەیە بە خۆماندا بچینەوە و تەنگژەکان بگۆڕین بۆ چاکسازی و باشترکردنی دۆخەکە".
زۆر ژمارە و داتا لەبارەی خانەنشینی پلە تایبەت و سەربازی دەگوترێت، لەمبارەیەوە ئەو دەڵێ: "خانەنشینی ناشایستە ھەیە و کادیری ھەموو حزبەکانیشی تێدایە، بۆ ئەنجامدانی چاکسازیش لە لیستی خانەنشیناندا راپۆرتێکمان داوەتە وەزارەتی دارایی و چاوەڕێی وەڵامی ئەوان دەکەین".
باسنيوز
