200 ئەفسەری دوو مووچە و 8 هەزار پێشمەرگەی بندیوار ئاشکرا دەبن

 200 ئەفسەری دوو مووچە و 8 هەزار پێشمەرگەی بندیوار ئاشکرا دەبن
لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازیی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، نەخشەڕێگەی ٢٠١٧ بۆ چاکسازی و بنەبڕکردنی گەندەڵی دادەنرێت و ھەموو سێکتەرەکانی نەوت و دەرمان و بازرگانی و وەبەرھێنان و زەویوزار دەگرێتەوە. پەرلەمانتارێکی لیژنەی پێشمەرگەش ئاشکرای دەکا، ٨ ھەزار پێشمەرگەی بندیوار و نادیار ئاشکرا بوون و لە راپۆرتێکدا بۆ لیژنەی چاکسازیی سەرۆکایەتی بەرز کراونەتەوە.



فرسەت سۆفی، ئەندامی لیژنەی چاکسازی لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان رای گەیاند، لە قۆناغی ئێستای چاکسازیدا لیژنەیەک بۆ جووڵاندنی کەیسەکانی گەندەڵی و جێبەجێکردنی بڕیارەکان پێکدەھێنرێت و لە مانگی شوباتیش ڕاپۆرتی لیژنەکە لە ھەموو ئەو سێکتەرانەی کە کاریان تیادا کراوە بۆ خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەندرێ، گوتیشی: "کاری لیژنەکە ئامادەکردنی گرنگترین ئەو ھەنگاوانەیە کە پێویستە حکوومەت لە ماوەی ساڵی ٢٠١٧ بیانگرێتە بەر لەسەر گرنگترین ئەو مەلەفانەی پێویستە چاکسازییان لەبارەوە بکرێت، وەکو پێشمەرگە و نەوت و دەرمان و وەبەرھێنان و باج و گومرکەکان و خزمەتی گشتی و خانەنشین و پاسەوانی بەرپرسان و موڵک و ماڵی گشتی و زیادەڕۆیی و کارەبا و ئاو ...ھتد".



ئاماژەی بەوەش دا، جگە لەو لیژنەیە، لیژنەی دیکەی فەرعی پێکھاتووە بۆ نووسینی ڕاپۆرتی ئەو کارانەی کە حکوومەت و نەزاھە و سەرۆکایەتیی ھەرێم و ھەموو دامودەزگاکان کردوویانە لە بواری چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بۆ ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی داھاتووی ئەمساڵ ئەو ڕاپۆرتە بۆ خەڵکی کوردستان بڵاو بکرێنەوە.



بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کە زانیارییەکانی تایبەت داوە ، ئێستا لە زۆر لە دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەست کراوە بە ئەنجامدانی چاکسازی، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو پڕۆسەیەدا بە سەدان ناوی نادیار و بندیواری لە راپۆرتێکدا بۆ سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بەرز کردووەتەوە.



دلێر مستەفا، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، جەختی لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردەوە و ئاشکرای کرد، ئێستا راپۆرتێک بۆ لیژنەی چاکسازیی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بەرز کراوەتەوە، کە زیاتر لە ٨ ھەزار ناو، بە ناوی پێشمەرگە لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا ئامادە نەبوون بێن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، بەوەش دەرکەوتووە ئەو کەسانە یان بندیوارن یان ناوی وەھمی و نادیارن".



ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەوەش دوای ئەوە ھاتووە کە وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاری داوە مووچەکان دەستاودەست بدات.



جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە راشی گەیاند، جگە لەوەش، دەرکەوتووە ٢٠٠ ئەفسەر لە بەغدا و لە وەزارەتی پێشمەرگە مووچەیان وەرگرتووە، ھەموو ئەوانە لە راپۆرتەکەدا بەرز کراوەتەوە بۆ سەرۆکایەتی و ئەوان بڕیاری دەربارە دەدەن.





باسنیوز
Top