یەکێتی پڕۆژەی رێککەوتنی لەگەڵ پارتی دەداتە سەرکردایەتییەکەی
سەرچاوەیەکی نزیک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پڕۆژەیەکی فراوانی بۆ چارەسەریی دۆخی سیاسیی کوردستان ئامادە کردووە و بەشێکی پڕۆژەکەی لە گەڕی دووەمی دانیشتنەکانی لەگەڵ پارتی باسی لێوە کردووە، بەڵام بە شاندەکەی (پارتی)یان راگەیاندووە کە دەیانەوێ بۆ یەکگوتاری، پڕۆژەکە بدەنە سەرکردایەتیی یەکێتی و رای ئەوانی لەبارەوە وەربگرن.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، یەکێتی لەو پرۆژەیەیدا داوای لە سەرکردایەتییەکەی کردووە رای خۆیان لەبارەی رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی بدەن، کە ھەمواری بکەنەوە، یان کۆتایی پێ بھێنن و بە شێوەیەکی دیکە لەگەڵ پارتی رێک بکەونەوە.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە سێ پێشنیازی بۆ سەرکردەکانی بەرز کردووەتەوە کە یەکیان ھەڵبژێرن:
یەکەمیان: دوای رێککەوتن لەگەڵ پارتی بۆ پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پۆستەکانی حکوومەت، تا ھەڵبژاردنی داھاتوو بارزانی بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بمێنێتەوە.
دووەم: رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکان لەسەر کاندیدکردنی سەرۆکێکی بێ لایەن تا ھەڵبژاردن، ھەروەکو لە پەیامەکەی بارزانیدا ھاتووە.
سێیەم: دروستکردنی دەستەیەکی سەرۆکایەتی لە سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان تا ھەڵبژاردنی داھاتوو.
بەپێی ناوەڕۆکی پڕۆژەکە، دوای پەسەندکردنی لە سەرکردایەتیی یەکێتی، پڕۆژەکە دەبێتە پڕۆژەی یەکێتی و پێشکەش بە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکرێت.
بەپێی پڕۆژەکە، کە چەند تەوەرێک لەخۆ دەگرێت و بەسەر دوو ستوونی سیاسی و ئابووریدا دابەش کراوە، تیایدا باس لە پێکھێنان و دروستکردنی چەند دەستەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پێنج لایەنەکە کراوە، کە ھەر دەستەیەک تایبەت بکرێت بە پرسێک و ئەو دەستانە کۆبوونەوەکانیان ساز بکەن بە مەبەستی چارەسەری کێشەکان و دروستکردنی ھاوئاھەنگی لەسەر ئەم پرسانە و تاوتوێکردنی پێویستییەکانی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە.
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رای گەیاند، تا ئێستا ئەو پڕۆژەیە نەگەیشتووەتە دەستی ئەوان، گوتیشی: "پێش ئەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بڕواتە گفتوگۆکانی لەگەڵ پارتی، ئەوەیان پێ راگەیاندوون کە یەکێتی بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە خاوەنی پڕۆژەی خۆیەتی".
چاوڕەش راشی گەیاند، پێویستە لەم قۆناغەدا پڕۆژەیەکی ھاوسەنگ ھەبێت بۆ نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە یەکتری و رێککەوتنیان، بەشێوەیەک ھەر لایەنێک ئامادەی ئەوە بێت بۆ چارەسەریی دۆخ و قەیرانەکە بێتە پێشەوە، گوتی: "ناکرێ بۆ دانوستان، لایەنەکان تەنیا چاویان لەوەی دیکە بێت بە داواکانیان رازی بێت، دەبێت ھەمووان لەیەکتری بێنە پێشەوە".
لای خۆشیانەوە، عەتا سەراوی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی رادیۆییدا رای گەیاند، پرۆژەکەی یەکێتی لە ٤ی ئەم مانگەوە ئامادە کراوە و ٥ خاڵی سەرەکی لەخۆ دەگرێت.
گوتیشی: "بابەتەکان تایبەتن بە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و چارەسەریی کێشە سیاسییەکان و سیستمی حوکمڕانی و شەفافیەتی داھات و فرۆشتنی نەوت و گرێبەستەکان و دۆخی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و بودجە و مووچەی فەرمانبەران و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ھاوپەیمانی ستراتیژیی نێوان یەکێتی و پارتی، یان ھەڵبوەشێنرێتەوە یان لەسەر بنەمای ھاوسەنگ بنیات بنرێتەوە".
لەبارەی سەرۆکایەتیی ھەرێمیشەوە، سەراوی گوتی: "پێشنیار کراوە یان کەسێکی بێ لایەن بکرێتە سەرۆکی ھەرێم، یان دەستەیەک لە پێنج لایەنەکە دروست بکرێت بۆ سەرۆکایەتیی ھەرێم، یان بارزانی تا ھەڵبژاردنی داھاتوو لە پۆستەکەیدا بەردەوام بێت".
باسنیوز
