چەند کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری بانە کەوتوونەتە کەمینی هیزە ئەمنییەکانی ژرێمی ئیسلامی ئێران
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "موکریان" ئەو کۆڵبەرانە خەڵکی سەقز بوون و بۆ هێنانی بار چووبوونە سنووری بانە و بەبێ بار گەڕاونەتەوە و کە کەتوونەتە کەمینی هێز ئەمنییەکانی ئێران و لە ترسی گیان هەڵاتوون کە چوار کەسیان لە هەڵدێرێکەوە بەر بوونەتەوە و لە ئەنجامدا کەسێکیان بەناوی "ئازاد قاسمی" خەڵکی گوندی "سپۆرە"ی ناوچەی تیلەکۆی سەقز گیانی لەدەست داوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە سێ کەسی دیکەش بەهۆی بەربوونەوە بە توندی بریندار بوون و ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی سەقز لە کۆما دان و باری تەندروستییان ناجێگیرە.
هەر لەو ڕووداوەدا دوو کۆڵبەری دیکەی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون.
ساڵانە بە دەیان کۆڵبەر و کاسبکاری کوردی ڕۆژهەڵات کە بۆ بژیو سەردانی سنوورەکان دەکەن، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەدرێنە بەر دەستڕێژ و دەبنە قوربانی.
باسنیوز
