لەسەر مۆڵەتدان بە فەرمانبەران حکوومەت روونکردنەوەیەک دەدا
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاماژە بەوە کراوە کە وەزارەتەکان بە رێژەیەکی زۆر داوای مۆڵەتی دایکایەتیی درێژخایەن دەکەن، لە نووسراوەکە ھاتووە: "پێشتر ھەر وەزارەتە و لە لایەن وەزیرەکان ئەو مۆڵەتە دەدرایە دایکانی فەرمانبەر بۆ بەخێوکردنی منداڵەکانی، کە تووشی نەخۆشیی درێژخایەن بوونە".
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی جەختی کردووەتەوە کە بەپێی رێنمایی دارایی و نووسراوی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەی کراوە پێوەندیی بە مۆڵەتی بەخێوکەری کەمئەندامەوە نییە، داواشی لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە کە وەزارەتەکان ئاگادار بکاتەوە چیتر ئەو نووسراوانەیان ئاڕاستە نەکرێت.
دوای ئەو نووسراوە، سەرۆکایەتیی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان بە نووسراوێک کە لە ٢٢ی ١٢ی ٢٠١٦ دەرچووە و کۆپییەکی دەست (باس) کەوتووە، ئەوە بۆ وەزارەت و فەرمانگەکان روون کراوەتەوە، مۆڵەتی بەخێوکەری کەمئەندام ھیچ پێوەندییەکی نییە بە مۆڵەتی دایکایەتی بۆ ئەو دایکەی کە منداڵەکەی تووشی نەخۆشیی درێژخایەن بووە.
نەخۆشیی درێژخایەنی منداڵان، شەکرە و شێرپەنجە و کەمخوێنی و رەبۆ و چەند نەخۆشییەکی تر دەگرێتەوە.
ئەنجومەنی وەزیران داوای لە فەرمانگەکان کردووە ئەو دوو بابەتە تێکەڵی یەکتر نەکەن، چونکە دوو بابەتی جیاوازن.
محەمەد ھاودیانی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راگەیاند، ئەو نووسراوەی ئەوان بۆ ئەوەیە فەرمانبەران جیاوازی بکەن لەنێوان ئەو مۆڵەتەی کە بۆ بەخێوکردنی کەمئەندام دەدرێت لەگەڵ ئەو مۆڵەتەی کە بۆ مۆڵەتی دایکایەتی دەدرێت بەو فەرمانبەرانەی کە منداڵەکانیان دووچاری نەخۆشیی درێژخایەن بوونە.
زیاتر لە سەد ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت لە ھەرێمی کوردستان ھەنە، کەبەشێک لەوانە پێویستیان بە دایک و باوکیانە بۆ بەخێوکردنیان و خزمەتکردنیان.
بەپێی رێنماییەکان، فەرمانبەرێک بۆ بەخێوکردنی یەک کەمئەندام مووچەکەی خۆی بۆ خەرج دەکرێت و سەرمووچەی ساڵانە و پلەبەرزکردنەوەشی بۆ دەکرێت، ئەگەر بۆ دوو کەمئەندام بێت ئەوا مووچەیەکی تری بە کەمتر لە ١٥٠ ھەزار دیناری بۆ خەرج دەکرێت.
جەخت کراوەتەوە، ھەر بەخێوکەرێک کە مووچە و مۆڵەتی پێ دەدرێت ئەگەر بە کاری خۆی ھەڵنەستێت، جگە لەوەی مووچەکەی دەبڕدرێت، سزایەکی ماددی لەنێوان ٥٠٠ ھەزار تا یەک ملیۆن دینار دەدرێـت.
ساڵانە مۆڵەتی خۆتەرخانکەر نوێ دەکرێـتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا رێگە نادرێت کەسێک لە یەک کاتدا خۆی بۆ زیاتر لە دوو کەمئەندام تەرخان بکات.
باسنیوز
