کۆنفرانسی ئابووری کوردستان و هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا بەڕێوەدەچێت

کۆنفرانسی ئابووری کوردستان و هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا بەڕێوەدەچێت
کۆنفرانسی ئابووری هاوبەشی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا و هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەو مەبەستە شاندێکی هەرێمی کوردستان لە بەلجیکایە.

بڕیارە رۆژی سێشەممە17-1-2017 کاژێر 2 کۆنفرانسەکە دەستپێبکات و زنجیرەیەک پانێڵ پێشکەش دەکرێن.

دکتۆر عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی شاندی هەرێمی کوردستان دەکات و بەشداریش دەبێت لە پانێڵەکان، لە بەلجیکاش نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەندێک لە پانێڵەکاندا بەشدار دەبن.

لەلایەن هەرێمی فراندەرزی بەلجیکاشەوە ژمارەیەک کەسایەتی لە ئاستی پیشەسازی و بازرگانی و وەبەرهێنان و لایەنی فەرمیش بەشدار دەبن.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، سەبارەت بە کۆنفرانسەکە، رایگەیاند: "دوای ئەوەی سەرۆکی هەرێمی فلاندەرز لەسەر بانگهێشتی فەرمی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، لەوێ بڕیاردرا پەیوەندییەکان لە هەموو روویێکەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەشە پێبدەن، ئەو بوارەشی کە هەرێمی فلاندەرز تێیدا پێشکەوتوو، بواری بازرگانی و پیشەسازی و بە تایبەتی بواری کشتوکاڵە، کە ئێستا هەرێمی کوردستان لەدوای قەیرانەکان گرنگییەکی زۆر بەو بوارە دەدات".

دلاوەر ئاژگەیی، دەڵێت: "بۆیە بەپێویستمان زانی چالاکییەکی لەمجۆرە لەنێوان بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی هەرێمی فلاندەرز بەتایبەتی لەگەڵ ژووری بازرگانی ئەم هەرێمە رێکبخەین، کە بڕیارە زیاتر لە 60 کۆمپانیای گرنگی ئەو هەرێمە بەشداری لەو کۆنفرانسە بکەن لە بوارە جیاجیاکاندا".

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، ئاماژە بەوە دەدات، "هەرێمی فلاندەرز ئەوەی بڕیاریان لەسەرداوە لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێی بکەن، بانگهێشتکردن و داوەتکردنی هەندێک لە پێشمەرگە بریندارەکانە بۆ بەلجیکا، بە مەبەستی چارەسەرکردنیان، لەڕووی بازرگانی و ئابووریشەوە، ئەوەی کاری بۆ دەکرێت، بڕیارە لە سەرەتای مانگی 4 شاندێکی باڵای کۆمپانیا بەلجیکییەکان سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، ئەم کۆنفرانسەش ئامادەکارییەکە لەوبارەیەوە".




رووداو
Top