لە هەولێر دووكانەكانی فرۆشتنی مریشكی زیندوو دادەخرێن
نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزای ناوەندی شاری ھەولێر بەوەکالەت رایگەیاند "فرۆشتنی مریشکی زیندوو لەنێو کۆلان و ماڵان بەشێوەیەکی بەرچاو تەشەنەی کردووە و بووەتە دیاردە، بۆیە هەر شوێنێكی فرۆشتن و سەربڕینی مریشکی زیندوو ئەگەر لە ماڵان نزیک بێت، دایدەخەین".
نەبەز عەبدولحەمید ئاماژەی بەوە كرد، ھەر شەش شارەوانییەكەی ھەولێریان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە راسپاردوون، بەگوتەی خۆی، رۆژی یەکشەممە 15-1-2017 دەستیان پێکردووە و بەردەوامیش دەبن.
سەبارەت بە ھۆکاری داخستنەکە، نەبەز عەبدولحەمید گوتی، لەگەڵ رێنماییە تەندروستییەكان و ژینگە یەکناگرێتەوە، هاوكات لە ھەولێر 10 ھاونیشتمانی سکاڵایان تۆمارکردووە، کە بەھۆی ئەو جۆرە شوێنانە ھەراسان بوون.
قائیمقامی ھەولێر بەوەکالەت رەتیکردەوە ئەو کارەیان لەم دۆخە ئابوورییە دۆزینەوەی کاربێت بۆ کۆمپانیاکانی فرۆشتنی مریشکی بەستوو، گوتیشی "مافی کۆمپانیاکانە سکاڵا تۆمار بکەن، چونکە ئەوان ھەموو مەرجەکان رەچاو دەکەن، کەچی خەڵکی بەبێ رەچاوکردنی مەرجەکان کارەکە دەکەن".
نەبەز عەبدولحەمید راشیگەیاند، داخستنی شوێنەکانی مریشکفرۆشتن لەنێو شاری ھەولێر بەھیچ جۆرێک پەیوەندی بە بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزاوە نییە.
payamner-
