کوێت بە هەشت پرۆژە هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکات
رۆژی دووشەممە 16/1/2017، عومەر ئەلکیندەری، کونسوڵی گشتیی کوێت لە هەولێر بە ئاژانسی (کۆنا)ی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کە سەرپەرشتیی واژۆکردنی دوو گرێبەستی لە نیوان مانگی سووری کوێتی و کۆمپانیایەکی بیناسازیی هەرێمی کوردستان کردووە.
عومەر ئەلکیندەری هەروەها رایگەیاندووە، کە بەپێی گرێبەستەکە، رێکخراوی منگی سووری کوێتی پێنج قوتابخانە و سێ بنکەی تەندروستیی فریاگوزاری لە شارەکانی هەولێر و دهۆک دروست دەکات.
هەروەک کونسوڵی گشتیی کوێت لە هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، قوتابخانەکان دوای تەواوبوونیان رادەستی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێن و بنکە تەندروستییەکانیش رادەستی وەزارەتی تەندروستی دەکرێن.
عومەر ئەلکیندەری ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە چەند مانگی داهاتوودا قوتابخانەی یەکەم لە هەولێر تەواو دەبێت، کە شوێنی 500 قوتابی دەبێتەوە و ناودەنرێت ”قوتابخانەی کوێتی یەکەم“.
ئەلکیندەری هەروەها رایگەیاندووە، ئەو قوتابخانەیە دەستپێکی کارەکانە بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی شاری مووسڵ و کاری دیکەشی بەدوادا دێت.
پێنج قوتابخانەکە لە کەمپەکانی ئاوارەکانی شاری مووسڵ لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک دروست دەکرێن و سێ بکە تەندروستییەکەش لە کەمپەکانی ئاوارەکانی مووسڵ لە پارێزگای دهۆک دروست دەکرێن.
بەهۆی داگیرکاریی رێکخراوی توندڕەوی داعش و ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، زیاتر لە 120 هەزار هاووڵاتیی پارێزگای نەینەوا ئاوارەی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بوون.
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
