حکوومەتی عێراق بەبێ ئاگاداریی کورد پلەی شارەدێی ئامرلی بۆ قەزا دەگۆڕێت
ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: “ناحیەی (ئامرلی) ناحیەیەکی تورکمان نشینە، دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی خورماتووەوە، بەڵام بەبێ ئاگاداریی ئەنجومەنی قەزا و ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، لایەنە شیعەکان لە بەغدا کردوویانەتە قەزا”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “ئێمە گومانمان لەو بڕیارە هەیە، چونکە بۆ فراوانکردنی هەژموونی شیعە و فراوانیی نفوزی خۆیان ئەوەیان کردووە". گوتیشی: "ناکرێت لەڕووی یاسایی و دەستوورییەوە، ناحیەیەک بکرێتە قەزا، بەبێ ئەوەی ئیدارەی سنوورەکە گرنگییەکەی بزانن، بۆیە بڕیارەکە مەبەستی سیاسی و مەزهەبی لە پشتەوەیە”.
ئەو بەرپرسە کوردە لە سنوورەکە ئەوەشی ڕوون کردەوە: “ئەو پرسە کۆتایی هاتووە، چونکە دەسەڵات لەبەغدا دەسەڵاتی شیعە نشینە و ماوەیەکی زۆرە کاری جددی لە خورماتوو و چەند ناوچەیەکی دیکەدا دەکەن، ئەویش بۆ زیادکردنی هەژوومی تایفەگەری لەو ناوچەیە".
هەرچەندە ئامرلی ناوچەیەکی تورکماننشینە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەر بە شارۆچکەی خورماتووە، لایەنی کوردی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەشێکە لە ناوچەکانی ژێر سنووری ماددەی 140 و دەبێت تەنیا بەپێی ماددەکە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
باسنیوز
