سەرۆکی دەستەی دەسپاکی: کەسانێک لەسەر دۆسیەی گەندەڵی دەستگیر دەکرێن
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەسپاکیی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: “لەسەر دۆسیەی گەندەڵی و دیار نەمانی پارە، هەر کەسێک فەرمانی دەستگیرکردنی هەبێت، دەبێت دەستگیر بکرێت، بەتایبەت لەسەر دۆسیەی گەندەڵی و ئەو دۆسیانەی کە گرفتیان لەسەرە”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “ئەو کەسەی دەستگیر دەکرێت، دەبێت سکاڵای لەسەر هەبێت، دەبێت کەیسی لەسەر هەبێت، ئێستاش دامەزراوەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارەکانیان چڕ کردووەتەوە و قسە لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریش کراوە، وەک لایەنی یاسایی، بۆ ئەوەی سەرجەم دامەزراوە تایبەتمەندەکان کار لەسەر ئەو دۆسیانە بکەن".
سەرۆکی دەستەی دەسپاکی لە هەرێمی کوردستان ئەوەشی دووپات کردەوە: “چاوەڕوان دەکرێت کەسانێک لەسەر دۆسیەی گەندەڵی دەستگیر بکرێن”.
رۆژی شەمە 7\1\2017، بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە ئـامادە بوونی نێچێرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیران و هەریەک لە (دەستەی دەسپاکی، داواکاری گشتی، چاودێریی دارایی و ئـەنجومەنی دادوەری)، کۆبوونەوەیەک بەڕێوە چوو کە تێیدا بارزانی جەختی لەوە کردەوە: “پرۆسەی چاکسازی، پرۆسەیەکی بەردەوامە و پێویستە سەرجەم دامەزراوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دەستە و دامەزراوەکانی دیکە، وەک یەک تیم لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی نیشتمانیی سەرانسەریدا جێ بەجێ بکرێت و ڕای گشتی بە بەردەوامی لێ ئـاگادار بکرێتەوە”.
باسنيوز
