مەریوان.. کۆڵبەرێکی کورد گیانی لەدەست دا
لە ئەنجامی ڕاوەدوونان و تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەر کۆمەڵێک کۆڵبەری کورد لە دەوروبەری مەریوان، کوژرانی کۆڵبەرێکی کوردی لێ کەوتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (هەنگاو) ڕۆژی شەممە 2017 -1- 14 پۆلێک لە کۆڵبەرانی کورد لە دەڕەی (شلێر)ی مەریوان دوای ئەوەی دەکەونە بۆسەی هێزە ئەمنییەکانەوە، لە ڕووی ناچارییەوە بەرەو کوێرە ڕێگاکان دەڕۆن و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە یەکێکیان لە هەڵدێری شاخێکەوە بکەوێتە خوارەوە و گیانی لەدەست داوە.
ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە کوردەی ئازاد فەیزی، کوڕی تۆفیق و خەڵکی گوندی (سپۆرە)ی سەقز ڕاگەیاندووە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای ئەوەی ئەو کۆڵبەرە کوردە لە بەرزاییەوە بەر بووەتەوە، هەوڵەکانی خەڵکی ناوچەکە بۆ گەیاندنی بە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سلێمانی بێ ئاکام ماوەتەوە و لەرێگەدا گیانی لەدەست داوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری (هەنگاو) لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 49 کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
