مامۆستایانی ناڕازی شکاندنی بایکۆتیان ڕاگەیاند
دڵشاد بابانی، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی، بۆ (باسنیوز) ڕایگهیاند :" ئێمەی مامۆستایانی ناڕازی دژی سیستەمی پاشەکەوتکردنی مووچەی مانگانە ماوەی چوار مانگە بایکۆتی پڕۆسەی خوێندنمان کردووە، ھەروەھا بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مامۆستایان لە زۆر دەرگاماندا بۆ ئەوەی کێشەی مامۆستایان و فەرمامبەران چارەسەر بکرێت، بەڵام بەداخەوە ھیچ کاربەدەستێکی حکوومی و حزبی ئامادەنەبوو کێشەی مامۆستایانی ناڕازی چارەسەر بکات".
گوتیشی:" دوای ئەوەی ھەفتەی ڕابردوو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی، کۆبووینەوە بۆئەوەی کێشەی مامۆستایان چارەسەر بکەن، بەداخەوە ئەوانیش ئامادە نەبوون داواکارییەکانی ئێمە جێبەجێ بکەن، ھەروەھا لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەخۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەرەو بارەگای حزبەکان دەڕۆشتین بۆ ئەوەی خواستی خۆپیشاندەران جێبەجێ بکرێت، بهڵام ئەم شەو بڕیارماندا بایکۆت، بشکێنین".
ئاماژەی بەوەشکرد، كه کاتێک بڕیاری شکاندنی بایکۆتیان داوە، مانای ئەوە ناگەیەنێت، ئیتر بێدەنگ دەبن لە داخوازییهكانیا، گوتیشی :" بەپێچەوانەوە ئێمە له داهاتوودا بەشێوازێکی دیکە درێژە بەبایکۆت دەدەین".
bas news -
