داوا دەکرێت بڕیاری گۆڕینی ئامرلی لە شاردێوە بۆ شارۆچکە ھەڵبوەشێتەوە

داوا دەکرێت بڕیاری گۆڕینی ئامرلی لە شاردێوە بۆ شارۆچکە ھەڵبوەشێتەوە


لە یاداشتێکیدا دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، داوا دەکات بە قەزابوونی شارەدێی ئامرلی ھەڵوەشێتەوە و ئەندامێکی ئەنجومەنی شارۆچکەی خورماتووش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ھەر بڕیارێک لە سەر گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچانە بدرێت، پێویستە لایەنی کوردیش ڕەزامەندی دەرببڕێت.



بەپێی یاداشتێکی ناڕەزایی کە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 15/1/2017، بڵاوی کردەوە و وێنەیەکی دەست (باسنیوز) کەوتووە و تێیدا ھاتووە: "لە ماوەی ڕابردوودا پارێزگای سەڵاحەدین، بە فەرمانێکی ئیداری ناحیەی ئامرلی گۆڕیوە بۆ شارۆچکە کە سەر بە شارۆچکەی خورماتووە، بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی شارۆچکەی خورماتوو، ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و وەزارەتی پلاندانانی عێراقی وەرگرتووە و ھیچ پرس و ڕایەک لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەکراوە".


یاداشتەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە: "سەرەڕای ئەوەی ئەو ناوچەیە لە چوارچێوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دایە، کە جۆرە گۆڕانکارییەکی دیموگرافی و ئیداری لەو ناوچانە ڕووبدات کە ناکۆکییان لە سەرە دەبێ بە تەنسیق و ھەماھەنگی لە گەڵ حکوومەتی ھەرێم ئەنجام بدرێت، بە تایبەت کە شارەدێی ئامرلی یەکێک بووە لەو ناوچانەی کە کەوتبووە بەر دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش".


لە کۆتایی یاداشتەکەی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ئەوەشی خستوەتەڕوو: "ئێمە ناڕەزایی خۆمان بەرامبەر بەم بڕیارە دەردەبڕین داوای ھەڵوەشانەوەی دەکەین و داوا لە نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی عێراق دەکەین بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکەن و ھەڵوێست وەربگرن.



لەم بارەوە سەردار ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی شارۆچکەی خورماتوو، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ماوەی چەند ساڵێکە ئەنجومەنی شارەدێی ئامرلی، داواکارییەکی ئاڕاستەی ئەنجومەنی شارۆچکەیی خورماتوو، بۆ دەنگدان لە سەر بە شارۆچکە بوونی شارەدێی ئامرلی کردبوو، بەڵام داواکارییەکەیان ڕەت کرایەوە، لە بەر ئەوەی ئەو ناوچەیە دەکەوێتە سنوری مادەی 140 دەستوری ھەمیشەیی عێراق".


ئەندامی ئەنجومەنی شارۆچکەی خورماتوو، ئەوەشی خستەڕوو: "ھەر بڕیارێک لە سەر گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچانە بدرێت دەبێت لایەنی کوردیش ڕەزامەندی لە سەر دەرببڕێت، ئێستاش پارێزگاری سەڵاحەدین بە بێ گەڕانەدنەوە بۆ کورد پلەی ئامرلی لە شارەدێوە بۆ شارۆچکە، بەرز کردوەتەوە".


ئامرلی بە دووری 30 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری شارۆچکەی خورماتوو و زۆبەی دانیشتووانەکەشی لە تورکمانی شیعە مەزھەب پێکدێت.

bas news -
Top