"مافی کەس نییە داوای داخستنی کونسوڵخانەیەک لە ھەرێمی کوردستان بکات"
لەو ڕاگەیەندراوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 15/1/2017 وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، تێدا ھاتووە: "مافی کەس نییە داوای داخستنی کونسلخانەیەک لە ھەرێمی کوردستان بکات، ئەمەش جاری یەکەم نییە بەرپرسانی سوپای پاسداران لێدوانی لەمجۆرە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان دەدەن کە دەستوەردانێکی بێ پاساوی کاروباری ناوخۆی عیراق و ھەرێمی کوردستانە"
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان:
بوونی کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییەکانی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان بەپێی یاساکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانە، کار و چالاکییەکانیشیان ھەر لە چوارچێوەی ئەو یاسایانەدایە و مافی کەس نییە داوای داخستنی کونسلخانەیەک لە ھەرێمی کوردستان بکات.
ئەمە جاری یەکەم نییە بەرپرسانی سوپای پاسداران، لێدوانی لەم جۆرە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان دەدەن کە دەستوەردانێکی بێ پاساوی کاروباری ناوخۆی عیراق و ھەرێمی کوردستانە.
ھەرێمی کوردستان کە خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لەگەڵ دراوسێکان و وڵاتانی ناوچەکە و جیھان، ھیواخوازە تاران ھەڵوێستێکی جددی بەرامبەر بەو جۆرە لێدوانە نابەرپرسانە وەربگرێت و ڕێگەی دووبارەبوونەوەیان لێ بگرێت کە بە ھیچ جۆرێک لە بەرژەوەندیی پەیوەندیی دۆستانەی ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئـیسلامیی ئـێراندا نییە و مایەی قبووڵکردن نییە، بە ھەموو شێوەیەکیش ڕەتیدەکەینەوە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
bas news -
