بەڕێوەبەری شاردەێی وەرتێ: دەستگیرکردنی پێشمەرگەیەکی بێ تاوان مایەی قەبووڵکردن نییە

بەڕێوەبەری شاردەێی وەرتێ: دەستگیرکردنی پێشمەرگەیەکی بێ تاوان مایەی قەبووڵکردن نییە
بەڕێوەبەری شاردەێی وەرتێ بە وەکالەت ڕای گەیاند، تاوەکوو ئێستا ئەو پێشمەرگەیە ئازاد نەکراوە کە دوێنێ شەممە ١٤\١\٢٠١٧ لەلایەن گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە قەندیل دەستگیر کرا.

سامان محەمەد، بەڕێوەبەری شاردەێی وەرتێ بەوەکالەت، ڕاگەیاند: ”ئەوەی کراوە، ھەڵەیەکی پەکەکەیە و عەلی وسو کە پێشمەرگەیەکە، دەستگیر کراوە، بەبێ ئەوەی ھیچ سووچ و تاوانێکی ھەبێت، ئەمەش مایەی قەبووڵکردن کردن نییە و پێویستە ھەڵوێستی توندی لەبارەوە وەربگیرێت“. گوتیشی: ”سەرم لەوە سوڕماوە کە خەڵکی ناوچەکەمان نەتوانن بەھۆی پەکەکەوە لەسەر خاک و زێدی باب و باپیرانیان بسووڕێنەوە".

بەڕێوەبەری شاردەێی وەرتێ بەوەکالەت، ئاماژەشی بەوە دا، بەھۆی ئەوەی کێشەی دەستگیرکردنی پێشمەرگەکە یاسایی نییە، ھەوڵیان داوە لە ڕێگەی ”ڕیش سپی و پیاوماقووڵانی خەڵکی ناوچەکە، گفتوگۆ لەگەڵ (پەکەکە) بکەین و ھەوڵی ئازاد کردنی بدەین، بەڵام تائێستا ئەو پێشمەرگەیە ئازاد نەکراوە".

دوای نیوەڕۆی دوێنێ، ھێزەکانی (پەکەکە) لە بازگەی (پردەشاڵ) لە بناری قەندیل، عەلی وەسو، بەرپرسی ڕاگەیاندنی لیوای حەوتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانیان دەستگیر کرد. ھەر دوێنێ برای ئەو پێشمەرگەیە ڕاگەیاند، کە نازانن ھۆکاری دەستگیرکردنی براکەی چییە.
payamner-
Top