فه‌رمانده‌یه‌كی سوپای پاسدارانی ئێران: بوونی زیاتر له‌ 30 كونسوڵخانه‌ و نوێنه‌رایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان ناسروشتییه‌

فه‌رمانده‌یه‌كی سوپای پاسدارانی ئێران: بوونی زیاتر له‌ 30 كونسوڵخانه‌ و نوێنه‌رایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان ناسروشتییه‌
محەمەد حوسێن رەجەبی فەرماندەی سوپای پاسداران لە پارێزگای سنەی رۆژھەڵاتی کوردستان کە بوونی زیاتر لە ٣٠ قونسوڵگەری و نوێنەرایەتی بیانی لە ھەرێمی کوردستان کارێکی ناسروشتییە ، زۆربەی ئەو قونسوڵگەرییانەش کە ئێستا لە ھەرێمی کوردستانی عێراق کار دەکەن کاری سیخوری ئەنجام دەدەن .

سەبارەت بە بوونی قونسوڵگەری شانشینی عەرەبی سعودییە لە ھەولێر ، ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران رایگەیاند کە سعودییە ھەوڵ دەدات لە رێگەی ئەو قونسوڵگەرییەی لە ھەرێمی کوردستان کێشەو گرفت بۆ ئێران دروست بکات ، بۆیە داوای کرد کە دابخرێت و روونیکردەوە کە گەلی کوردستان پێویستی بە بوونی قونسوڵگەرییەی سعودییە نییە .

لەلایەن خۆیەوە فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانی رایگەیاند کە ئێمە لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێگە نادەین ناکۆکییەکان و کێشەکانی نێوان وڵاتان بۆ ھەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە .

روونیشیکردەوە سەرمان سورماوە لەوەی وڵاتانی دراوسێ دەست لە کاروباری ناوەخۆی ھەرێم وەردەدەن ، گوتیشی ئێمە رێز لە پەیوەندیەکانی نێوانمان دەگرین و بەردەوام داواش دەکەین کە بگەین بە پەیوەندی ھاوبەش .

راشیگەیاند کە ھەرێمی کوردستان شەرعیەت و دەستووری خۆی ھەیە و سیاسەتێکی روونی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و تەواوی جیھان ھەیە ، کردنەوەی قونسوڵخانەکان و نوێنەرایەتییەکان بە ھەماھەنگی نێوان ھەولێر و بەغدا کراونەتەوە ، ئەمرۆش زیاتر لە ٣٠ قونسوڵخانە لە ھەرێم ھەیە لە نێوانیشیاندا قونسوڵخانەی شانشینی سعودییە کە لە ٢٢ی مانگی شوباتی ٢٠١٦ بە فەرمی کرایەوە .

payamner-
Top