حەشدی شەعبی بەرگری لە مانەوە هێزەکانی پەکەکە لە شنگال دەکات
پاش ئەوەی ھادی جەزائیری، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حەشدی شەعبی، لە ڕاگەیاندراوێکدا پشتیوانیی هێزەکەی بۆ مانەوەی گەریلاکانی پەکەکە لە شنگال ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەبوونی ئەو هێزانە لە ناوچەکە: “زۆر باشترە لە ئامادەبوونی ھێزەکانی تورکیا".
لەمبارەیەوە وەحید باکۆزی، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: “ئاگادارین ماوەیەکە حەشدی شەعبی لەسەر پەکەکە بەرگری دەکەن، بە جۆرێک کە دەیانەوێت ڕەوایەتی بە مانەوەی پەکەکە لە شنگال بدەن”. جەختیشی لەوە کردەوە کە حەشدی شەعبی بە پلان و بۆ دروستکردنی فیتنە و ئاژاوە ئەم کارە دەکەن.
باکۆزی باسیشی لەوە کرد: “ئێمە پشتیوانییەکانی حەشدی شەعبی بۆ پەکەکە بە ئاسایی دەزانین، چونکە خۆیان بوونەتە بەشێک لە حەشدی شەعبی و لەو چوار چێوەیەشدا وەک ئەوان هاوکاری وەردەگرن".
پێشتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای لە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا پەکەکە هێزەکانی لە شنگال نەکشاندووەتەوە.
باسنیوز
