بەڕێوەبەری شاردەێی وەرتێ: هێشتا پەکەکە پێشمەرگەکەی ئازاد نەکردووە
سامان محەمەد، بەڕێوەبەری شاردەێی وەرتێ بەوەکالەت، ڕایگەیاند: ”ئەوەی کراوە، هەڵەیەکی پەکەکەیە و عەلی وسو کە پێشمەرگەیەکە، دەستگیر کراوە، بەبێ ئەوەی ھیچ سووچ و تاوانێکی هەبێت، ئەمەش مایەی قەبووڵکردن کردن نییە و پێویستە ھەڵوێستی توندی لەبارەوە وەربگیرێت“. گوتیشی: ”سەرم لەوە سوڕماوە کە خەڵکی ناوچەکەمان نەتوانن بەھۆی پەکەکەوە لەسەر خاک و زێدی باب و باپیرانیان بسووڕێنەوە".
بەڕێوەبەری شاردەێی وەرتێ بەوەکالەت، ئاماژەشی بەوە دا، بەهۆی ئەوەی کێشەی دەستگیرکردنی پێشمەرگەکە یاسایی نییە، هەوڵیان داوە لە ڕێگەی ”ڕیش سپی و پیاوماقووڵانی خەڵکی ناوچەکە، گفتوگۆ لەگەڵ (پەکەکە) بکەین و ھەوڵی ئازاد کردنی بدەین، بەڵام تائێستا ئەو پێشمەرگەیە ئازاد نەکراوە".
دوای نیوەڕۆی دوێنێ، ھێزەکانی (پەکەکە) لە بازگەی (پردەشاڵ) لە بناری قەندیل، عەلی وەسو، بەرپرسی ڕاگەیاندنی لیوای حەوتی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان دەستگیر کرد. هەر دوێنێ برای ئەو پێشمەرگەیە ڕایگەیاند کە نازانن هۆکاری دەستگیرکردنی براکەی چییە.
باسنیوز
