“چەکدارانی داعش ئافرەتان بەرەو بەرەکانی جەنگ دەگوازنەوە”

 “چەکدارانی داعش ئافرەتان بەرەو بەرەکانی جەنگ دەگوازنەوە”
بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بەشێکی زۆری چەکدارانی داعش بەرەو بەرەکانی جەنگ پاشەکشە دەکەن و سەنتەری شاری مووسڵ چۆڵ دەکەن، لەگەڵ کشانەوەشیان ژنەکانیان دەبەن، تا نەکەونە دەست چەکدارانی حەشدی شەعبی.

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف، ڕایگەیاند: “وەک ئەوەی زانیاری هەیە، چەکدارانی داعش ژنەکانیان لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ بەرەکانی جەنگ تا لە کاتی لەدەست دانی ناوچەکانیان لە سەنتەری مووسڵ، نەکەونە دەست چەکدارانی حەشدی شەعبی، لەوێش هەر چەکدارێک کوژرا، ڕاستەوخۆ ئافرەتەکەی دەدرێتە چەکدارێکی دیکە”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بەشێکی زۆری چەکدارەکانی داعش، “کلیلێکیان بە کڵاوەکانیانەوە کردووە، گوایە ئەمە کلیلی بەهەشتە و بەشێکیشیان نووسراو لە باخەڵیان دایە کە لەلایەن داعشەوە پێیان پڕ دەکرێتەوە".

ئەوەشی خستە ڕوو، لەگەڵ کشانەوەی چەکدارەکان بۆ بەرەی جەنگ، حاکمی شەرعیی خۆیان لەگەڵیان دەچێت، بۆ ئەوەی لەوێ پرۆسەی هاوسەرگیرییان لەگەڵدا بکرێت کە بەشێکی زۆری ئەو کچ و ژنانە خەڵکی وڵاتە عەرەبیەکانن.

شارەزایانی بواری مافەکانی مرۆڤ و توێژەرانی بواری ئیسلامی سیاسی، پێیانوایە کە ڕێکخراوی توندڕەوی داعش، ئافرەت تەنیا وەک کاڵایەک بۆ پڕکردنەوەی هەوەسی چەکدارەکانی بەکار دەهێنێت و بە بیانووی جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلام، ئافرەتانی ژێر دەستی ناچار کردووە، بەهەر جۆرێک کە چەکدارەکانیان بیخوازن، هەوەسی ئەو چەکدارانە پڕ بکەنەوە.






باسنیوز
Top