پارتی له‌ خانه‌قین: بوونی حەشدی شەعبی بەو چەك و هێزە زۆرەوە مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر خانەقین

پارتی له‌ خانه‌قین: بوونی حەشدی شەعبی بەو چەك و هێزە زۆرەوە مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر خانەقین
بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەترسی هاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەكە ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێ، شەوی رابردوو تا بەرەبەیان شەڕ لەنێوان چەكدارانی حەشد و داعشدا روویداوە و فەرماندەیەكی كوردی نێو حەشدی شەعبییش كوژراوە.

(جەعفەر شێخ مستەفا)، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "هێزێكی زۆری حەشدی شەعبی هاتوونەتە دەورووبەری شاری خانەقین و شەوی رابردوو چەكدارانی داعش بۆسەیەكیان بۆ فەرماندەی لیوایەكی حەشدی شەعبی لە نزیك نەفتخانە ناوەتەوە و لە ئەنجامدا فەرماندەكەی حەشدی شەعبی بەناوی (ئەبو موكەڕ) كە كوردە، لەگەڵ چوار پاسەوانیدا كوژراوە، دواتر تا بەرەبەیانی شەڕ و پێكدادان لەنێوان حەشدی شەعبی و چەكدارانی داعش روویداوە.''

دەشڵێ، دوو لیوای حەشدی شەعبی كه‌ نزیكەی دوو هەزار چەكدار دەبن لە دەورووبەری خانەقین جێگیر كراون، هه‌ڵبه‌ت هەموویان كوردن و لە چوار فەوج پێكهاتوون، ئەوانە كە هاتوونەنە ناوچەكە چەكی قورسیان پێیە و مەترسیی ئەوە هەیە بێنە نێو شاری خانەقینەوە، چونكە كەسێك نییە رێگرییان لێ بكات و بەرپرسەكانیان خەڵكی شارەكەن و بەردەوام هاتوچۆ دەكەن.

(شێخ جەعفەر) جه‌ختی کردەوە له‌وه‌ی كه‌ میلیشیای حەشدی شەعبی خراپیی رەوشی ئابووریی خەڵكی ناوچەكەی قوزتووه‌تەوە و بەردەوام خەڵك ناونووس دەكرێن بۆ چەكداركردنیان و، بەڵێنی ئەوەشیان بە چەكدارە كوردەكانیان داوە لە ساڵی نوێدا مووچەكانیان زیاد دەكرێت، ''پێمانوایە هاتنی حەشدی شەعبی بەو چەك و هێزە زۆرەوە مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر خانەقین و ناوچە كوردستانییەكان.''
kdp-
Top