سۆران.. دەنگۆی دابەش نەکردنی نەوت بەسەر ھاووڵاتیان ڕەت دەکرێتەوە

سۆران.. دەنگۆی دابەش نەکردنی نەوت بەسەر ھاووڵاتیان ڕەت دەکرێتەوە
قایمقامی سۆران، ڕەتی دەکاتەوە کە دابەشکردن نەوت بەسەر ھاووڵاتیان راگیرا بێت، ئاماژە بەوەش دەدات کە دوای تەواوبوونی ناوچە شاخاوییەکان، ئێستا لەسەنتەری شاری سۆران، نەوت دابەش دەکرێت.



کرمانج عیزەت، قایمقامی سۆران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لەو ڕۆژەوەی دەست بەدابەشکردنی نەوت سپی بەسەر ھاووڵاتیانی دەڤەرەکەمان کرا، ھەوڵماندا لەسەرەتاوە نەوتەکە بگەیەنینە ئەو گوندو شارەدێیانەی کە سەختن و ناوچەکانیان شاخاوین، خۆشبەختانە توانراوە ھاووڵاتیانی ناوچە شاخاوییەکان، بۆ زستانی ئەمساڵ یەکەو بەرمیلێک نەوتیان پێبدرێت، ئێستاش لە گەڕەکانی سەنتەری شاری سۆران، دابەشکردنی نەوتەکە بەردەوامە".



قایمقامی سۆران، ئەوەشی خستەڕوو: "بەھیچ شێوەیەک دابەشکردنەوە نەوەستاوە، تەنیا بەھۆی کەمی گەیشتنی بری نەوتەکە، کەمێک سستی پێوە دیار بووە، ئەویش بەھۆکاری ئەوەی کە ئەمساڵ لەسەرەتاوە حکوومەتی بەغدا نەوتی وەک پێویست بە ھەولێر نەداوە، ھیوادارین لەئایندەیەکی نزیکدا ئەو کێشانەش چارەسەر بکرێن و سەرجەم ھاووڵاتیانی کوردستانیش، نەوتیان بەسەر دابەش بکرێت".


bas news-
Top