تاکە باخچەی ئاژەڵانی ھەولێر شوێنی بۆ ئاژەڵەکانی نەماوە

تاکە باخچەی ئاژەڵانی ھەولێر شوێنی بۆ ئاژەڵەکانی نەماوە



لە شاری ھەولێر، تەنیا یەک باخچەی ئاژەڵان ھەیە، سەرباری بوونی 150 ئاژەڵ، ڕووبەری زەوییەکەی تەنیا دۆنمێکە، خاوەنی باچخەکە ئاماژە بەوە دەدات کە ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاژەڵەکانی زیاد دەبن و شوێنی نییە، چەندین جاریش داوای زەوی کردووە و پێیان نەداوە.


خەلیل خۆشناو، خاوەنی باخچەی ئاژەڵانی ھەواری تازە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "زۆر لە مێژە داوا دەکەم باخچەکەم بۆ گەورە بکەن، چەندین نووسراوم کردووە، نۆ مانگ بەر لە ئێستا سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا ھات، بینی کە پڵینگ، لامە و شێرەکان، زاوزێ دەکەن، گوتی ئێرە زۆر بچووکە و نووسراوێک بکە، نووسراوم کردوو بردمە لای وەزیری شارەوانی، ئەویش وەڵامی دامەوە کە پارچەیەک زەوی لە تەنیشتمە و نزیکە 3 ھەزار مەترە، ئەوە ھەشت مانگە خەریکم و ئەولا و ئەملام پێدەکەن، ھەتا ئێستا وەرم نەگرتووە".


خاوەنی باخچەی ئاژەڵانی ھەواری تازە، لە ھەولێر، ئەوە دەخاتەڕوو: "بەھۆی ئەو باخچەوە زیاتر لە سەد منداڵ کاسبی دەکەن و لەبەر دەرگا شت دەفرۆشن، داھاتی چەندین خێزانی لەسەرە، بۆیە ئەی ھاوار باخچەکەم بۆ گەورە بکەن، خەڵکی شارەکانی دیکە دێت و دەڵێن ئاخر ماقولە تەنیا یەک باخچەی ئاژەڵان لە پایتەخت ھەیە و بە سێ خولەک پیاسە لەناوی تەواو دەبێت".


گوتیشی: "چۆن دەبێت، دۆنمێک زەوی، حەوت شێر، دوو پڵینگ، چوار لامەی لێبیت، 11 مەیمونی ھەبێت، جگە لەوەش 150 ئاژەڵ بە گشت جۆرەکانی لەو دۆنمە زەوییەن، ئەی ھاوار چۆن دەبێت".



نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "باخچەی ئاژەڵانی ھەولێر بە قەرزی گەشتیاری کە لەلایەن دەستەی گەشتوگوزار لە ساڵی ٢٠١٣ پێی دراوە و لەسەر ڕووبەری یەک دۆنم دروست کراوە، بەڵام ئێستا ئاژەڵەکانی بە ھۆی زاوزێ زۆر بوون و شوێنیان تەسک بۆتەوە و کێشەیان بۆدروست بووە، بۆیە پێویستی بە شوێنی زیاتر ھەیە تاکو فراوانتر بکرێت و جوانتر بکرێت و گەشتیاری و ھاوڵاتی زیاتر سەردانی بکەن".


گوتیشی: "بەو ھیوایەی شوێنەکە فراوان بکرێ و گەشتیارانیش زیاتر ڕووی تێ بکەن".


bas news-
Top