په‌رله‌مانتارێكی هه‌ده‌په به چوار ساڵ و هه‌شت مانگ زیندانی سزادرا
ئایدۆغان دوێنێ به سیستمی ده‌نگ و ره‌نگ له زیندانی سیلیڤری له شاری ئه‌سته‌نبۆل به‌شداری له دانیشتنی دادگای ئامه‌د كرد‌و ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه له لایه‌ن داواكاری گشتی توركیاوه ئاڕاسته‌ی كراون ره‌تكرده‌وه.
داواكاری گشتی له دۆسیه‌كه‌یدا رایگه‌یاندووه، نورسه‌ل ئایدۆغان به‌شداری مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی ئه‌ندامانی په‌كه‌كه بووه. په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی هه‌ده‌په له وه‌ڵامدا وتی "به هۆی ئه‌وه‌ی من په‌رله‌مانتاری شاری ئامه‌دم به‌شداریم له مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی ئه‌ندامانی په‌كه‌كه كردووه، به‌ڵام ئه‌وه له سه‌ر داوای په‌كه‌كه نه‌بووه و كارێكی مرۆیی بووه".
دادگای ئامه‌د به تۆمه‌تی ئه‌ندامبوون و پڕوپاگانده بۆ په‌كه‌كه سزای چوار ساڵ و هه‌شت مانگ و حه‌وت رۆژ زیندانی به سه‌ر نورسه‌ل ئایدۆغاندا سه‌پاند.
له لایه‌كی تره‌وه دوێنی هه‌ینی هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیا له ئۆپه‌راسیۆنێكدا هاوسه‌رۆكانی شاره‌وانی نسێبین و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرس و ئه‌ندامانی ده‌به‌په‌یان ده‌ستبه‌سه‌ركرد.
به پێی ئاژانسی دیجله هێزه ئه‌منییه‌كان هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر ماڵی جه‌نگیز كوك و سارا كایا هاوسه‌رۆكانی شاره‌وانی ده‌به‌په‌ی نسێبین سه‌ر به پارێزگای مێردین و له‌گه‌ل نۆ ئه‌ندامی ده‌به‌په ده‌ستبه‌سه‌ریان كردووه، كه سیراچ دینچ هاوسه‌رۆكی ده‌به‌په‌ی ئه‌و شاره‌شی له ناودا بووه.
توركیا ماوه‌یه‌كه هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوانی ده‌ستگیركردن و دورخستنه‌وه‌ی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانی سه‌ر به به‌ده‌په‌و هاوسه‌رۆك‌و په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌ی ده‌ستپێكردووه، كه ناڕه‌زایی زۆری له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی توركیا‌و وڵاتانی ده‌ره‌وه لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
له‌ماوه‌ی نزیكه‌ی 17 مانگی رابردوودا له توركیا، هه‌شت هه‌زار و 432 ئه‌ندامی هه‌ده‌په و ده‌به‌په ده‌ستبه‌سه‌ر و ده‌ستگیركراون، له‌و ژماره‌یه‌ش دوو هه‌زار و 360 كه‌سیان، هاوسه‌رۆكانی گشتی هه‌ده‌په‌و په‌رله‌مانتاران‌و هاوسه‌رۆكی شار‌و ناوچه‌و شارۆچكه‌كانن، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی جێگری هاوسه‌رۆكی گشتی هه‌ده‌په.
xendan -
