لەسەر دەرکردنی پەکەکە لە شنگال کێشە لە نێوان عەبادی و مالیکی دروست دەبێت
وەحید باکۆزی، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: “پەکەکە بە هاوکاریی نووری مالیکی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق لە شنگال ماونەتەوە و عەبادیش داوای چۆڵکردنیان لێ دەکات کە ئەمە گرفتی بۆ ئیدارەی بەغدا دروست کردووە”. ئەوەشی ڕوون کردەوە: “سەرپەرشتیکردنی پەکەکە لەلایەن فالح فەیاز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە دەکرێت کە ئەویش دەسەڵاتی تەواوی هەیە و مالیکیش پشتیوانی دەکات".
هەر لەمبارەیەوە ئایدن مەعرووف، یەکێک لە سەرکردەکانی بەرەی تورکمانی و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “تورکیا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە هاوکاری ئاوەدانکردنەوەی شنگال و تەلەعفەر دەکات، بەڵام پرسێک هەیە لەگەڵ بەغدا کە دەبێت یەکلایی بکاتەوە، ئەویش پرسی پەکەکە”. ڕوونیشی کردەوە: “ئەرکی حکوومەتی عێراق فشار لەسەر پەکەکە بکات بۆ چۆڵکردنی شنگال، هەر لایەنێکی عێراقیش پشتیوانی لە پەکەکە بکات بۆ مانەوەی لە شنگال، بەخراپ بەسەریدا دەشکێتەوە". گوتیشی: "قۆناغی دەرکردنی پەکەکە لە شنگال لەلایەن بەغداوە تاوتوێ دەکرێت، بەڵام کاتەکەی دیاریکراو نییە".
باسنیوز
